کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە ترسدا هەر جارەو شتێک دەڵێن

13:22 - 13 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش پێداگریی بەرپرسانی ڕووسیە بۆ  هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە باشووری سووریە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایان گەیاندووە، کە هێزی ئەوان لەو شوێنە نییە.

پاش گوشاری ڕووسیە بۆ چۆڵکردنی باشووری سووریە لە لایەن ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە، عەلی شەمخانی بەرپرسی نووسینگەی شۆرای بەرزی بەناو ئاسایشی نیشتمانی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردان باسی لەوە کردووە، کە هێزەکانی ئێران لە سووریە تەنیا ڕاوێژکارن و لە باشووری ئەو وڵاتەدا هیچ هێزێکیان نییە.

ئەمە لە حالێكدایە، کە بەرپرسێکی پلەبەرزی سپای پاسداران، بە پێداهەڵگوتن باسی هاویشتنی مووشەکی لە بەرزایییەکانی گوڵانی کردووە، هەروەها چەندین بەرپرسی دیکەی سپای پاسداران، وەکوو: حوسێن هەمەدانی و محەممەد ئەسکەندەری لەم ساڵانەی دواییدا باسیان لە ڕێکخستن و پڕچەک کردنی لانیکەم ٤٢ تیپ و هەروەها چاوەڕوانیی ١٣٠ هەزار بەسیجییان بۆ ڕۆیشتن بەرەو سووریە کردووە.

لەگەڵ ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیم هێزەکانی خۆیان لە سووریە بە ڕاوێژکار ناو دەبەن، بەشار ئەسەد بە تەواوەتی نکۆڵی لە بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

هەموو ئەم لێدوانە دژەیەکییانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی سووریە و هەروەها پێداگریی بەرپرسانی رووسیە بۆ هاتنەدەرەوەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریەدا، باس لە ترس و دڵەڕواکێی دیکتاتۆرەکان و پشتچۆڵکردنی کۆیلەکان لە لایەن ئاغاکانیانەوە دەکات.