کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە ترسی ڕووخانی سەرپەناکەیان دەستەوداوێنی گەڵاڵە پاسیڤەکان دەبن

12:13 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی مەترسیی ڕووخانی ڕێژیم، گەڵاڵەی لێبوردنی گشتییان بە سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران پێشکەش کردووە.

محمەممەد جەواد فەتحی، ئەندامی کۆمسیۆنی قەزایی و مافی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزرەدان لە وتوێژێکدا لەگەڵ "ئێعتماد ئانلاین" باسی لەوە کردووە، کە لە پێوەندی لەگەڵ لێبوردنی گشتیی سیاسی و ئەمنییەتی، بەخشینی پاراستنی قەزایی بە ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات و کەمکردنەوەی سزای ئێعدام و زیندانی هەتاهەتایی گەڵاڵەیەکیان پێشکەش بە مەجلیس کردووە.

ناوبراو وتوویەتی: ئەم گەڵاڵە کە زیاتر لە ٧٠ نوێنەری مەجلیس واژۆیان کردووە، بە دەستەی سەرۆکایەتی مەجلیسی ڕێژیم پێشکەش کراوە.

ئەم نوێنەرەی مەجلیس لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم گەڵاڵەیەدا کردەوە خراپکارانەکانی وەکوو:  "ئاگردانی بانک، دەسدرێژی بۆ سەر داراییە گشتییەکان و سیخوڕی" دەستنیشان و لەو کارانەی کە لێیان خۆش دەبین جیا کراونەتەوە، چونکە هێندێ کردەوە وەکوو سیخوڕی لە ڕوانگەی هەموو نەتەوەکانی دنیادا کارێکی نالەبارە و تاوانبارەکانی ئەو بوارە زۆربە دەست بۆ خۆکوژیش دەبەن.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم بە هۆی گوشارە ئابوورییە دەرەکییەکان و ئەو ناڕەزایەتییانەیە کە لە ئێراندا سەریان هەڵداوە و بەردەوام پەرە دەستێنن، دێنە ئاراوە؛ بەڵام ئەم گەڵاڵە و سەدان گەڵاڵەی دیکە ناتوانێت قەرەبووی بارودۆخی نالەباری خەڵکی ئێران بکاتەوە، چونکە خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتین، کە لە ژێر سێبەری ئەو ڕێژیمە گەلێک ساڵە ئەو دوو ویستە سەرەکییە خنکێنراون.