کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی چارەسەریی کێشەکان پەنا بۆ دەرکردنی فەرمانبەرە بەویژدانەکان دەبەن

12:36 - 18 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری خومەینی‌شار داوای کردووە، کە بەرپرسی ڕێکخراوی"بێهزیستی" دەبێ هەواڵی دەسدرێژی بە منداڵی ئەفغانی بسڕێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی دەسدرێژیکردن بە کچێکی ٥ساڵە لە خومەینی‌شار سەر بە پارێزگای ئیسفەهان ،کە بە ڕەگەز خەڵکی ئەفغانستانە بڵاو بووەوە و کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لە نێو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم وەکوو هەمیشە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە هەوڵیان دا، کە سەرپۆشی لەسەر دابنێن و خۆیانیان لێ بێدەنگ کرد و تەنانەت دەیانەویست ئەو ڕاستییە وەدرۆ بخەن، بەڵام چالاکانی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا و خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەرەوڕووی بەرپرسانی ڕێژیم بوون و داوای ڕوونکردنەوە و چارەسەریی دیاردەی دەسدرێژی بە منداڵان لە ئێراندا دەکەن.

لەو پەیوەندییەدا، موحەمەدجەواد ئەبتەحی، نوێنەری ڕێژیم لە خومەینی‌شار، بە ناردنی نامەیەک بۆ ڕێکخراوی بێهزیستی، داوای کردووە کە بەرپرسی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەو ڕێکخراوە لە کارەکەی دەر بکات.

ئەو داواکارییەی نوێنەری خومەینی‌شار بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پرسە نییە، بەڵکوو لە نامەکەیدا هاتووە کە بەرپرسی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوی بێهزیستی، بە بڵاوکردنی هەواڵی دەسدرێژی، کارێکی ناشیانەی کردووە و دوژمنانی نیزامی هان داوە، کە ئیسلام و کۆماری ئیسلامی ببەنە ژێر پرسیارەوە.

دیاردەی دەسدرێژیکردن بە منداڵان لە ناوەندی ئێران، بووەتە پرسێکی کۆمەڵایەتی و بە بەردەوامی لەو پەیوەندییەدا هەواڵ بڵاو دەبێتەوە و چالاکانی کۆمەڵایەتی بە ڕوونکردنەوەی خەڵک و گوشارهێنان بۆ سەر بەرپرسانی ڕێژیم، داواکاری چارەسەریی ئەو دیاردەیەن.

بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا، هەوڵ دەدەن بە شاردنەوە و تاوانبارکردنی یەکتر، سەرپۆش لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن.