کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم لە ژێر گوشاری گەمارۆوەکان لێدوانی دژەیەک دەدەن

11:31 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ژێر گوشاری گەمارۆوەکانی ئامریکا، هەر کامەیان بە جۆرێ لێدوان دەدەن.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە، ڕیکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، ئامریکا خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی خۆی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە، بەتەواوەتی جومگە ئابوورییەکانی ئێران لە ژێر ئەو گەمارۆوانە حاڵەتی نائاساییتریان وەخۆ گرت و  لە ژێر ئەم حاڵەتە نائاسایییەدا بەرپرسانی ڕێژیم لێدوانی دژەیەک دەدەن.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خەزەڵوەر، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدئۆییەک، باسی لەوە کردووە: "ئامانجی ئامریکا لە گەمارۆوەکانی خەڵکی ئێرانە، بەڵام ئەم گەمارۆوانە لەسەر خەڵکی ئێران کاریگەریی دانانێت و لە کۆتاییدا ئامریکا لەم کارەی پەشیمان دەبێتەوە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا هێندێ لەو کۆمپانیانەی کە پێشتر هەڵوەشانەتەوە، لە لیستی گەمارۆوەکانی خستووە، کە ئەم کارەی "نیشانەی داماوی" واشنگتۆنە و بەم کارانەی "ڕۆژانێکی ناخۆش چاوەڕوانی ئامریکا دەکات".

هەر لەم پێوەندییەدا عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە گەمارۆوەکانی ئامریکا، وتوویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو شتێکی پێشبینی کردووە و بە هۆی ئەم گەمارۆوانە هیچ شتێکی نوێ ڕوو نادات و بە ڕێوشوێنە تایبەتە ماڵییەکانی ئورووپا و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەست دەبن، ئامریکا لە جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆوانە دەدۆڕێت، چونکە ئێران لە بواری سیاسییەوە دۆخێکی باشی هەیە.

لێدوانی ئەم دوو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ قسەکانی ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران یەک ناگرنەوە، کە لە پێوەندیی لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکا وتوویەتی: "ناتوانم درۆ بکەم، گەمارۆوەکان کاریگەرییان داناوە".

لە حاڵێکدا ناوبراو، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، لەسەر ئابووریی ڕێژیمەکەی وتبووی: "ئێمە دەوڵەتێکین، کە لە ئێستەدا کەمترین قەرزمان لەسەرە، هەروەها دارایییەکانی دەوڵەت زۆر زۆرە و بە جۆرێ کە دەوڵەتێکی پووڵدارین".

لێدوانە دژەیەکییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم، جگە لەوەی کە تەنگتاوبوونیان لە دەست گەمارۆوەکانی ئامریکا نیشان دەدن، جۆرێک لە چەواشەکردنی دۆخە سیاسی و ئابوورییەکەیانە، بۆ فریودان خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، کە هەر ڕۆژە لە شوێنێکی ئەو وڵاتە لە ژێر باری نالەباری ئابووری و کەشی سیاسیدا دەنگیان دەر دێت.