کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم ناڕەزایەتیی مامۆستایان بە پۆپۆلیستانە ناو دەبەن

13:54 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بە کردەوەیەکی پۆپۆلیستانە ناو دەبەن و دەڵێن: "بڕیارەکان لەسەر شەقامەکانەوە نادرێن".

ڕۆژێک پاش ئەوەی کە مامۆستایان و خانەنشینکراوان بەمەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر هەژاری و هەڵاواردن، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد، "عەلی تورکمەن" جێگری بەرنامەداڕشتنی وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم وتی: "ئەم جۆرە کۆبوونەوانە، زیان بە ڕێزی پەروەردە لە کۆمەڵگادا دەگەیەنن و بڕیارەکان دەبێ لە پشتەوەی مێزی سیاسەتدا بدرێن نەک لەسەر شەقام".

ناوبراو، ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانەی سەرچاوەگرتوو لە ڕوانینی پۆپۆلیستی بە نیسبەت پەروەردە و بارهێنان ناو بردووە.

ئەم چەشنە تاوانبار کردنە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە حاڵێکدایە کە مامۆستایان لە مانگی گوڵانی ٩٧ـەوە هەتا ئێستا بە چەندین کۆبوونەوە، ناڕەزایەتییان بە نیسبەت کەمبوونی مووچە و هەڵاواردن و کێشەگەلی دیکەی بواری پەروەردە وەکوو خوێندن بە زمانی دایکی بەڕێوە بردووە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کردەوەیەکی ئەرێنی لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ چارەسەریی کێشەکانیان ئەنجام نەدراوە.