کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم ناڕەزایەتییەکان بە ڕێکخراوەیی نازانن

12:26 - 7 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، لە جیاتی چارەسەریی کێشەکانی خەڵک و پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکانیان هەر جارەوە پەنا بۆ قسەیەکی بێبنەما دەبەن.

عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری کاروباری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی بەفرانبار، کە بۆ بووشەهر سەفەری کردبوو، لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی یەکساڵی ڕابردوو وتوویەتی: "ناڕەزایەتییەکانی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، کامیۆنداران و بازاڕییان و هەروەها ناڕەزایەتیی کەمینەکانیش بە شێوەی ڕێکخراوەیی یان لە لایەن ڕەوتێکی سیاسییەوە نەبووە".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە ناڕێکخراوەییبوونی ناڕەزایەتییەکانی یەکساڵی ڕابردوو، "نیشانەی تێگەیشتن و ئاستی هوشیاریی خەڵک و هۆگریی بە ئینقلاب ئاسایشی وڵاتـ"ـە

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە هەمبەر گرانی و دۆخی نالەباری ژیان، لە ڕەشەمەی ساڵی رابردوودا، سەرەتا لە شاری مەشهەد و شارەکانی دیکەی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی سەری هەڵدا، کە بەخێرایەکی بەرچاو ئەم خۆپیشاندانانە سیاسی کرا و دروشمەکان بۆ ڕووخانی ڕێژیم گۆڕدرا.

وەزیری کاروباری نێوخۆی ڕێژیم، لە حاڵێکدا باس لە ناڕێکخرەاوەییبوونی خۆپیشاندانەکانی یەکساڵی رابردوو دەکات، کە زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری ئەم خۆپیشاندانانەیان دەخستە ئەستۆی وڵاتی ئیسرائیل و وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات.

هەر لەم پێوەندییەدا مەحموود عەلەوی وەزریری ئیتلاعاتی ڕێژیم، لە ٢٧ سەرماوەز، لە مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردبوو، کە دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕیزەکانیان ڕێک خستووە.

ئەم لێدوانە دژبەیەکانەی بەرپرسانی رێژیم، جگە چەواشەکاری و بێتەگبیریی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چارەسەریی کێشەکانی خەڵک هیچی دیکەیان لێ بەدی ناکرێت.