کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم، پسپۆڕانی پاساهێنانەوەن

11:18 - 12 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کۆمسیۆنی ئامووزشی مەجلیسی ڕێژیم، هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتووبووسی زانکۆی ئازادی خستووەتە ئەستۆی خودی ئۆتووبووسەکە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی ئامووزشی مەجلیسی ڕێژیم، لە زاری بەرپرسانی زانکۆی ئازاد و هێزە ئینتزامییەکان ڕایگەیاند: ئۆتووبووسی وەرگەڕاوی زانکۆ ئازاد، بە هۆی نەبوونی مەعاینە فەنی بووە.

میرحمایەت میرزادە، وتەبێژی کۆمسیۆنی ئامووزشی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: بەپێی گرێبەستی یەکەمی زانکۆ ئازاد و پەیمانکاری پێوەندیدار، ئۆتووبووسەکانی گواستنەوەی بەشی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆی ئازاد، دەبوو بێنز یان ئێسکانیا بوایە، بەڵام ئۆتووبووسی وەرگەڕاو لە جۆری شەهابی ساڵی ١٣٨١ و یەکێک لە ئۆتووبووسە کۆن و لەکارکەوتووەکان بووە.

ناوبراو، لەم بارەوە وتوویەتیشی: "ئەم ئۆتووبووسە جیا لەوەی مەعاینە فەنی نەبووە، شۆفێرەکەشی پێشتر چەندین سەرپێچی یاساییی هاتووچۆی ئەنجام داوە.

ئۆتووبووسی ئاماژەپێکراو، لە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ئەمساڵدا، لە حاڵێکدا وەرگەڕا، کە کۆمەڵێک خوێندکاری بەشی زانست و لێکۆڵینەوەی زانکۆ ئازادی دەگواستەوە، کە بە هۆیەوە ١٠ خوێندکار گیانیان لە دەست داوە و ٢٨ی دیکەش بە توندی بریندار بوونە.

ئەگەرچی پێشتر لەسەر ئەم ڕووداوە، هێندێک سەرچاوەی سەر بە ڕێژیم، هۆکاری ڕوودانی ئەم کارەساتەیان بۆ جەڵتەی دڵی شۆفێر ئۆتووبووسەکە گەڕاندبووەوە، بەڵام هەموو هۆکاری ئەم ڕووداوە تەنیا کەمتەرخەمیی بەناو بەرپرسانی ڕێژیمە، دەنا ئۆتووبووسێک کە مەعاینە فەنی نییە و لەکار کەوتووە، چون دەبێت ڕێگای پێ بدرێت، کە لە جاددە ناستانداردەکانی ئێراندا هاتووچۆ بکات، ئەویش لە حاڵێکدا کە هەڵگری خوێندکاران بێت کە سەرمایە و داهاتووی کۆمەڵگان.