کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان بە هۆکاری نائاگایی دەزانن

17:24 - 18 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیم، هەواڵی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانی ژن بە ماددە سڕکەرەکانیان بڵاوکردەوە، ئەم ئامارە لە پێوەندی لەگەڵ گیرۆدەبوونی ژنان بە ماددە سڕکەرەکان کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی ئیسناوە ئامادە بووە، بڵاو کراوەتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ڕێژەی ژنانی بەکار‌هێنەری ماددەی سڕکەر لە ئێراندا، بە ١٣.١ لە نێوان تەمەنەکانی ١٥ هەتا ٢٥ ساڵەیە و لە نێوان ژنانی تەمەن ٢٥ هەتا ٤٤ ساڵیش بە ٩/٥ لەسەد و هەروەها لە نێوان ژنانی ٤٥ هەتا ٦٠ ساڵە ٦\٥ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی بەرپرسی شۆرای هەماهەنگیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ماددەی سڕکەری پارێزگای سنە، زیاتر لە ٦ لەسەدی ئاڵوودەبووانی ماددەی سڕکەر لەم پارێزگایە لە ژنان پێک دێن، کە گۆڕستانخەوی ژنانی گیرۆدەبوو لە گۆڕستانەکانی تایلە، گۆڕستانی شەقامی ١٧ی شەهریوەر و گۆڕستانی کۆتایی شەقامی وەکیلی سنەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تەنیا کەمپی تەرکی ئیعتیادی ژنان لە شاری سنە، کەمپی ناجایە، کە تەنیا ٦ ژن و کچی تووشبوو بە ئیعتیادی لێیە، کە خودی ئەم کەمپەش لەگەڵ کێشەی وەک نەبوونی گاز و کەلوپەلی پێویست بەرەوڕووە و کەشێکی ترسێنەری هەیە.

ویدا قادری، بەرپرسی ئەم کەمپە، باری نالەباری ئابووری و پشتیوانی نەکردنی لە لایەن ئۆرگان یان ناوەندەکانی حکوومەتی ئەم کەمپەی ڕاگەیاند.

خاڵی بەرچاوی ئەم ئامارە ئەوەیە، بەرزبوونەوەی ئاماری گیرۆدەبوونی ژنان لە نێوان ژنانی خاوەن بڕوانامەی لیسانس و خوێندەوار لە چاو ژنانی نەخوێندەوار بەرزترە؛ بەپێی ئەم ئامارە تریاک، شیشە، ئەلکول و کراک بە شێوەی ئەم ڕیزبەندە بەرزترین بەکارهێنەرییان لە نێوان ژناندا هەیە.

گیرۆدەبوونی ژنان بە ماددە سڕکەرەکان لە چاو گیرۆدەبوونی پیاوان هەستیارترە، چونکە سەرەڕای پشتگوێخستنیان لە نێو کۆمەڵگا، دەبێتە هۆی لەدایکبوونی منداڵانی گیرۆدەبوو، کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشتەوە، لە ساڵی ١٣٩٦دا، ڕۆژانە ٢٠ هەتا ٢٠٠ منداڵی گیرۆدەبوو لە دایک بوون، کە زۆرێک لەو منداڵانە بە ناوەندەکانی بێهزیستی دراون.

لەم ئامارەدا ئاماژە بە چوونەسەری ڕێژەی ژنانی خوێندەوار بە ماددەی سڕکەر کراوە، لە کاتێکدا لە بەشێکی دیکەی ئەم ئامارەدا بەرپرسانی ڕێژیم هۆکاری گیرۆدەبوونی ژنانیان گەڕاندووەتەوە بۆ نائاگایی و نەبوونی ڕۆشنبیری پێویست، کە لە ڕاستیدا ئەمە دژەیەکییەکی ئاشکرایە.

هۆکاری سەرەکیی چوونە سەرەوەی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە نێوان کەسانی خوێندەوار، بێکارییە، کە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بەردەوام ڕەت دەکرێتەوە و بە هۆکاری بێپەیوەندی دەزانن.