کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەستەوداوێنی وڵاتانی دیکە بوون

11:48 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بۆ خۆ دەربازکردن لە دەستی گەمارۆوەکانی ئامریکا، دەستەوداوێنی وڵاتانی دی ـ هەشت (D8) بووە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی دی ـ هەشت لە ئانتالیای تورکیە، گەمارۆوەکانی ئامریکای بە هۆکاری نەرێنیبوونی گەشەی ئابووریی جیهان زانی.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، لە دانیشتن لەگەڵ وڵاتانی دی ـ هەشت، داوای لەو وڵاتانە کردووە، کە لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمەکەی هەڵوێست بگرن.

ناوبراو، باسی لەوە کردووە: "هەوڵە بازرگانییە یەکلایەنەکان، کردەوە تۆڵەسێنەکان و گەمارۆوە ئابوورییەکان دەتوانن ئابووریی جیهان تووشی قەیران بکەن و هاوکارییە بەربڵاوە چەندلایەنییەکان لە کاتێکدا کە هەست بە پێویستبوونی دەکرێت، دەخەنە ژێر تیشکی خۆیانەوە".

وڵاتانی دێ ـ هەشت بریتین: ئەندونزی، بەنگلادش، پاکستان، تورکیە، میسر، مالزی، ئێران و نیجرییە. ئەم گرووپە بە پێشنیاری نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیە لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دامەزراوە.

گرووپی دی ـ هەشت بە مەبەستی پێکهێنانی پێوەندیی پتەوی ئابووری لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیی لە حاڵی گەشەدا و بەهێزکردنی ئەم وڵاتانە لە نێو بازاڕە جیهانییەکان دامەزراوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم دەیانەوێت هەموو وزە و توانایییەکانی ئەو گرووپە لە وەها کاتێکدا بخەنە خزمەتی خۆیانەوە و لەو ڕێگەوە لە دەست گەمارۆوەکانی ئامریکا خۆ دەرباز بکەن.