کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، قوتابخانەی کەپری وەک لایەنێکی بەهێزی گەشتیاری دەبینن

12:21 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی چارەسەر کردنی کێشەی خەڵک و درووستکردنی قوتابخانە، قوتابخانە کەپرییەکان بە خاڵێکی بەهێزی  گەشتیاری ناو دەبەن و بەو شێوەیە هەوڵ بۆ بەرپەرچدانەوە و شاردنەوەی نابەرپرسایەتییەکانی خۆیان دەدەن.

لە ڕۆژانی رابردوودا، مـحەممەد بەلووچ زێهی، بەخشداری نیکشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سەبارەت بە زۆربوونی ڕێژەی قوتابخانە کەپرییەکان لەم پارێزگایە ڕایگەیاندبوو: قوتابخانە کەپرییەکان لە گەڵ ساختار و شێوازی گوندەکان تەباییان هەیە و دەتوانن جیلوەیەکی جوان بۆ گەشتیاران درووست بکەن!

 ئەم بابەتە کە لە ڕۆژنامەی هەمشەهری ئێرانیشدا لە ژێر مانشێتی "مدارس کپری، دریچه‌ای به سوی گردشگری" و لە زاری ئەم بەخشدارەوە باسی لە سەر کرابوو، دژکردەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدواوە بوو.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆئیدا کە لە گوندی دەشتۆکی نیکشەهر گیراوە و لە سەر دیواری کارگەی فێرکاریی شەهروەندیاردا لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کراوەتەوە، قوتابخانەیەکی کەپری بەدیار دەکەوێت کە بە گەڵای خورما و هەندێ شتی دیکە بە شێوەی کەپر درووست کراوە.

 لەو گوندەدا ٣٠ بنەماڵە دەژین کە منداڵانی گوندەکانی دەوروبەر دەبێ بۆ درێژەدان بە خوێندن مەودایەکی نزیک بە یەک کیلۆمتری تێپەڕ بکەن.

منداڵانی ئەم گوندە لە سەر پارچە تەختەیەک نووسیویانە: "تکایە قوتابخانەیەکی بچووک بۆ ئێمە درووست بکەن" ئەوان بەو شێوە داوایان لە خێرخوازان کردووە کە قوتابخانەیان بۆ ساز بکەن.

بارودۆخی قوتابخانەکان لە شارەکانی ئێراندا نالەبارە، سەرەڕای زۆربوونەوەی قوتابخانە ڕووخاوەکان، لە زۆربەی گوندەکاندا قوتابخانەی کەپری و کانێکسی بوونەتە باو و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیج گرینگییەک بە کەرتی خوێندن و ئاواتەکانی منداڵان بۆ بوون بە مامۆستا و دوکتور لە داهاتوودا نادەن.