کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پەشیمانن کە چەکی ناوکییان دروست نەکردووە

12:22 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: حەز و مەیلی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بە دەستهێنانی چەکوچۆڵی جۆراجۆر و دروستکردنی، کۆتایی پێ نایەت و تێچووی قورسی بۆ دەدەن.

"حوسێن مووسەویان"، ئەندامی پلەبەرزی پێشووی تیمی ناوکیی ئێران، لە وتووێژێکی سێ کاتژمێریدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هەمشەهری" وتوویەتی: "ئەگەر من لە سەردەمی ئەحمەدی نژاددا بڕیاردەر بووایەتم، بڕیارم دەدا بۆمبی ئەتۆم دروست بکرێت".

ئەو کاربەدەستەی پێشووی ئێران باسی لەوە کردووە: "ڕووداوەکانی ئەو کاتەی کە من باڵوێزی ئێران لە ئاڵمان بووم، بوو بەهۆی ئەوەیکە من نەتوانم پێشکەوتنێک بەدەست بهێنم".

"مووسەویان" لە قسەکانیدا دەڵێت: "میکۆنووس تەنیا نەبوو، ڕووداوی بەختیار، ڕووداوی قاسملوو و ڕووداوەکانی دیکە پێشیان بە چالاکییەکانی من لە ئورووپادا گرت".

لە بەشێکی ئەو وتووێژەدا ناوبراو باس لە ڕووداوەکانی هێرش بۆ سەر کۆنسولگەریی ئێران لە ئەفغانستاندا دەکات کە ڕێژیمی ئێران ١٠ هەزار هێزی نیزامی لە پشت سنوورەکان ئامادە کردووە کە هێرش بکاتە سەر ئەفغانستان.

ناوبراو ڕوو لە کاربەدەستانی ڕێژیم وتوویەتی: "بە خاتری ڕەزای خودا، بە خاتری بەرژەوەندییەکانی خەڵک کارێک بکەن کە بەهای دراوی ئێران بەرز ببێتەوە و ئابووریی ئێران سەقامیگر بێت".

لەو وتووێژەدا باس له دۆخی سیاسیی ئێستای ئێران و گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کراوە کە ئەو گوشارانە بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی ئێرانە و هاوکات بۆ باسی وتووێژی ئێران لەگەڵ ئامریکا و باقیی پرسەکانی دیکەی ئێران، تەنیا خامنەیی بڕیادەرە.

لە کۆتاییدا "مووسەویان" جەختی کردووەتەوە کە ئێران دەبێ پەیوەستبوونی ئیسرائیل بە ئەمنییەتی کەنداو بە جیددی وەربگرێت، چونکە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر ئەمنییەتی ئێران.