کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران: لە ئێران زیندانیی سیاسیمان نیە

18:48 - 21 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ئێران زیندانیی سیاسی بوونی نیە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، عەلی ئەسغەر جەهانگیری بەرپرسی زیندانەکانی ئێران ڕایگەیاند: لە ئێران زیندانیی بە واتای زیندانیی سیاسی بوونی نیە و ئەو زیندانییانەی کە بەو ناوە باسیان لێوە دەکرێت، زیندانیانی ئەمنیەتین.

هەواڵدەریی نەسیم ئانلاین لە شێوەی ڕاگرتنی ئەو زیندانیانە لە زاری بەرپرسی ڕێکخراوەکانی زیندانەکانی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کەسانێک کە تووشی سزای ئەمنیەتی دەبن، وەکوو زیندانیی ئەمنیەتی بە ئەژمار دێن و شوێنی ڕاگرتنی ئەوان لەگەڵ زیندانییە ئاساییەکانی دیکە جیاوازیی نیە و لە هەموو مافە مرۆیی و ئیسلامییەکان بەهرەمەند دەبن.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا پێناسەی تاوانی سیاسی کاریگەری لە سەر سزای زیندانییەکان دەبێت، گوتی: بە سەرنجدان بەوەیکە هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ئێران زیندانیی سیاسی بوونی نیە، پێناسی سزای سیاسی هیچ کاریگەرییەکی لە سەر سزای زیندانییەکان نابێت.