کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ڕۆیشتووەتە ئیسرائیل

13:23 - 30 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دۆسیەی بە ناو "تێرۆری زانایانی ناوکیی ئێران" یەکێک لەو دۆسیەیانەیە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باسی لێوە دەکەن کە ئەو تێرۆرانە دوژمنان دژی پێشکەوتنی ئێمە ئەنجامیان داوە.

باس لە دزەکردنی ئیتلاعاتی ئیسرائیل بۆ ناو ناوەندی ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژێمی ئێران، باسێکی نوێ نییە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بە فەرمی باس لەوە دەکەن کە دوژمن دزەی کردووتەوە نێو ئۆرگانە ئەمنییەتییەکانی ئێمە.

"عەبدوڵڵا شەهبازی"، لێکۆڵەر و مێژوونووسی نزیک لە خامنەیی وتوویەتی: ''دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل دزەیان کردووەتەوە نێو ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە بەرپرسی دۆسیەیەی دەسبەسەرکراوەکانی "تێرۆری زانایانی ناوکیی ئێران" ڕۆیشتووەتە ئیسرائیل.

"شەهبازی" وتوویەتی، بەرپرسانی ئێران نایانهەوێت دان بەوەدا بنێن کە ئیسرائیل دزەی کردووەتەوە نێو سیستمی ئیتلاعاتی ئێران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران ماوەیەک پێش دێکیۆمێنتێکی بە ناوی "کلووپی تێرۆر" بڵاو کردەوە.

"مەحموود عەلەوی"، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، چەند ساڵ پێش باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل دزەی کردووەتەوە نێو هەندێک لە بەرپرسانی ئێمە.

"بێنیامین نێتانیاهوو"، ساڵی ڕابردوو بەڵگەی لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران ئاشکرا کرد.

دوای ئەو ئاشکراکردنەی نێتانیاهووە، "محەممەد جەعفەر مونتەزیر"، وتی کە هۆشداری دەدەین ئاگاتان لە نفوزییەکان هەبێت و هەروەها باسی لە بەرپرسانی دووڕەگەزی لە ئێراندا کرد.