کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم پشتیوانی لە هێرشی بەسیجییەکان بۆ سەر خوێندکارەکان کرد

12:43 - 17 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسەکانی ڕێژیمی ئێران، وێڕای پشتیوانیی لە هەڵسوکەوتی بەسیجییەکان لەگەڵ خوێندکارە ناڕازییەکانی زانکۆی پولیتکنیکی تاران وتوویەتی: بەسیجییەکان "ئاتەش بە ئێختیار" هەڵسوکەوتیان کردووە.

مورتێزا مـحەممەدی، لە بەسیجەکانی پولیتکنیکی تاران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنادا رایگەیاندووە: هۆکاری تێکەڵچوونی بەسیج لەگەڵ خوێندکارەکان ئەوە بووە، که ئەوان لە کۆبوونەوەیەکدا کە مەبەستەکەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دۆخی ئابووری بووە، دروشمی سیاسییان وتووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارەکانی زانکۆی پولیتکنیکی زانکۆی ئەمیرکەبیر، بە دەستێوەردانی ئەندامانی بەسیج تووشی توندوتیژی بوو و لە ئاکامدا چەند خوێندکارێکیش بریندار بوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، شۆرای سێنفی خوێندکارەکانی ٣٥ زانکۆی ئێران بەم بۆنەوە بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و ڕایانگەیاندووە، که لە یەکساڵی ڕابردوودا، گوشارە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر چالاکانی خوێندکاریی زیادی کردووە.

کۆبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیر بۆ پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز بوو، کە ڕۆژێ دواتر ئەم کرێکارانە لە ڕێگەی نوێنەرەکەی خۆیانەوە و بە گوڵێکی سوورەوە دەستخۆشییان لە خوێندکارەکان کرد.