کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی نوێ هیچ بایەخێک بە ڕێژیمی ئێران نادات

12:12 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دانیان بەوە داناوە کە بەرەی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات هیچ بایەخێک بە بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نادەن.

قەرارگای "حەمزە"ی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەیانییەکدا بە فەرمی ڕایگەیاندووە: "بنەماڵەکان و بەتایبەتی بەرەی نوێ دەبێ خۆیان لە حیزبە کوردییەکان بە دوور بگرن".

ئەو بەیانییە دەرخەری ئەوەیە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرانبەر خەباتی خەڵکی کوردستاندا بەچۆک داهاتووە و دان بە شكستی خۆیاندا دادەنێن.

بنکە و ناوەندەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام باس لەوە دەکەن کە حیزبە کوردییەکان چالاکییەکانیان لە نێوخۆی کوردستاندا چڕ کردووەتەوە.

هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکەن کە وڵامی چالاکییەکانی ئەوان دەدەنەوە.

پەیوەستبوونی لاوان بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ترسی خستووەتە نێو ڕێژیمی ئێرانەوە.

ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خەباتی حیزبە کوردییەکان دەست لە هیچ جینایەت و هێرشێک ناپارێزێت.