کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری هەیئەتێکی ‌حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

18:50 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنفڕانسی دوو ڕۆژەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کەنەکە (KNK) بەڕێوە چوو، بەشدارییان کرد.

لە دانیشتنی ڕۆژی یەکەمی کۆنفڕانسەکە هەیئەتی ‌حیزبی دێموکرات لە "ئەنوەر کاکایی" و "عەزیز موراد پەرەست" پێکهاتبوو.

 ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسیش "ئاسۆ ساڵح" و "ئەمیر سوڵتانی" لە لایەن ‌حیزبی دێموکراتەوە بەشدارییان کرد.

لە ڕۆژی دووهەمی کۆنفڕانسەکەدا نوێنەر و حیزب و لایەنە بەشداربووەکان پەیامی خۆیان خوێندەوە و پاشان خەڵکی بەشدار بوو ڕاوبۆچوونی خۆیان بە نیسبەت خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.

"ئاسۆ ساڵح"، ئەندامی یەکەی کارگێڕیی ‌حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات، سڵاوی ڕێبەریی حیزبی بە بەڕێوبەرانی کەنەکە و ئەم کۆنفڕانسە گەیاند.

 ناوبراو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە قۆناغی نوێی خەباتی ‌حیزبی دێموکرات کە بە ڕاسان ناسێندراوە کرد و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ڕاسانی شی کردەوە.

دەقی پەیامی نوێنەری ‌حیزبی دێموکرات لەو کۆنفڕانسەدا بەم چەشنە بوو:

بەشداربووانی بەڕێز

کوردستانیانی خۆشەویست،

سپاسی بەڕێوبەرانی ئەم کۆبوونەوە دەکەم بۆ بانگهێشتکردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

لە لایەن ڕێبەری ‌حیزبی دێموکراتەوە ئەو مەئمووریەتەم پێدراوە کە سڵاوی خۆمان بنێرین بۆ کۆنگرەکەتان و بەڕێوبەرانی ئەم کۆبوونەوە. بەو هیوایە کە پڕ بەرهەم بێت.

بە پێویست دەزانم کە چەند خاڵ بە نیسبەت ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتوونەتە ئاراوە باس بکەم.

لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٦ و لە میانەی پەیامی نەورۆزی سکرتێری ‌حیزبی دێموکرات کە لە چیاکانی کوردستان خوێندرایەوە، ‌حیزبی دێموکرات قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕاگەیاند.

 ئەم قۆناغە بە "ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەناسێندرێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم قۆناغە ئەوەیە کە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە "هێزێکی شوێندانەر". بەڕای ئێمە سیاسەتی ئەمڕۆ لە سەر ئەساسی "بەرژەوەندی" و "هێز"ە.

"بەرژەوەندی" بەو مانایە کە ئەگەر دوو لایەن ئامانجێکی هاوبەشیان هەبوو (کە دەتوانێ کورت خایەنیش بێت) واتە بەرژەوەندییان هاوبەشە، بۆیە لە سەر ئەساسی ئەو هاوبەشی بەرژەوەندییە (تەوازی منافع) ئەوە دەتوانن پێکەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە هاوخەبات بن.

"هێز"یش ڕاستیەکە کە لە نەبوونی یان کەم بوونی، هیچ خەباتێک ناڕواتە پێش.

لە پڕۆژەی ڕاسان، ئێمە دەمانهەوێ لە سەر ئەساسی ئەو ئەرکە مێژووە کە پێمان سپێردراوە، ببین بە هێزێکی شوێندانەر.

ڕاسان لە دەقی گٶڕانکارییەکانی ناوچە و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستاندا پێناسە کراوە. ڕۆژهەڵاتی نوێ، ئاماژە و خوێندنەوەیەکی دیکەیە بۆ دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵات؛ هەر بۆیە ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات، بە دروشمی گرێدانی خەباتی شار و شاخ هاتە کایەوە. ڕوانگەیەکی هەمە لایەنە و فرە ڕەهەند کە تیایدا جەخت ئەکرێتە سەر دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خەبات بە سەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا.

ڕاسان ئەگەرچی وا پێناسە کراوە کە بە واتای "خەباتی چەکداری" دێت، بەلام لە ڕاستیدا ڕاسان خەباتێکی فرە ڕەهەندە کە خەباتی چەکداری تەنیا بەشێکییە. ئێمە باوەرمەند بەو ئەسلەیەن کە بۆ گەیشتن بە رزگاری، خەباتێکی فرە ڕەهەند پێویستە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە پێوەری سەرەکییە پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کوردە.

‌حیزبی ئیمە هەمووکات لە بەرانبەر خەڵک، خۆی بە بەرپرسیار زانییوە، بۆیە لەو کاتەوە کە خەباتی چەکداری ‌حیزب کەمڕەنگتر ببوو، هیچکات داوا لە گەنجان و لاوانی ڕۆژهەڵات نەدەکرا کە پەیوەست بن بە هێزی پێشمەرگە، بەڵام خاڵێک کە لە پەیامە نەورۆزیەکەی سکێرتێری گشتی ‌حیزب لە ساڵی ٢٠١٦ زۆر زەق بوو، ئەوە بوو کە داوا کرا لە گەنجان و ڵاوانی ڕۆژهەڵات کە پەیوەست بن بە هێزی پێشمەرگە. ئەمەش زۆر بە باشی وەڵام درایەوە و ئێستا ‌حیزبی دێمۆکرات خاوەن هێزێکی پڕ ورە و پڕ وزە و گەنجە، کە ئامادەی هەر جۆرە فیداکارییەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. بەشێکی بەرچاوی ئەم هێزە چەکدارە، لە ناوخۆی وڵاتە و ڕۆژانە خەریکی چالاکییە.

کۆلەکەیەکی دیکە ڕاسان "خەباتی شار"ە.

لە پڕۆژەی ڕاسان گرینگییەکی تایبەت دەدرێت بە خەباتی ناوخۆ، واتە خەباتێک کە خەباتی پێشمەرگانە نییە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵمان داوە کە خەڵک زۆرتر تێکەڵ بە بۆنە نەتەوەییەکان و چالاکییە هاوبەشەکان بن. نەورۆزی جامانەکان، نەورۆزی خاکی پۆشەکان، یارمەتییەکانی بوومەلەرزەی سەرپێڵ و لەم دواییەشدا چالاکیی بێ وێنەی خەڵک لە مانگرتنی ساڵی ڕابردوو دژ بە مووشەکبارانی بنکەکانی ‌حیزبی دێموکرات و هەروەها ئیعدامی لاوانی کورد، بە ڕوونی سەرکەوتووبوونی ئەو ڕووەی ڕاسان، واتە خەباتی شاری پیشان دا.

لە خەباتی فرە ڕەهەندی ڕاسان لە هەموو تواناکان کەڵک وەردەگرین کە بتوانین بەو ئامانجە سەرەکییە، واتە بوون بە هێزی شوێندانەرە بگەین. یەکگرتوویی و لێک نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان خاڵێکی گرینگە  و بۆ ئەم مەبەستەش، هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆرمان دا کە  ناوەندی هاوکاریی ‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران پێک بێت و ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی لایەنی زیاتر لە ژێر چەتری ئەم ناوەندەدا کۆببێتەوە.

پێمان وایە کە ‌حیزب پێویستە سەیال بێت و لە گۆڕینی تاکتیکەکان بە هێزەوە بڕواتە پێش.

هاوکات پێمان وایە کە پێکهاتەی حیزب پێویستە وەڵامدەری ئەو خەباتە فرە ڕەهەندە بێت. بۆیە لە سەر ئەساسی ئەم ڕاستیە، لە کۆنگرەی شازدەهەمی حیزب کە ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو پێکهاتەی حیزبمان گۆڕی.

لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لە سەر ئەوە بکەمەوە کە ئێمە باوەڕی قووڵمان بە تەبایی، بوونی گوتاری هاوبەش و زمانی هاوبەش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێمان وایە کە  ئەو دیوی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، ڕوانگەیەکی کراوە و دێموکراتیکە، هەر بەم دیدەشەوە دەڕوانینە داهاتووی ڕۆژهەڵات و دۆخی ئێستای خەبات. پێمان وایە کە دەبێ فەزایەک لەسەر بنچینەی متمانە و باوەڕبوون بە هێزی خۆ، پێکبێنین کە لەودا، ئەو هێز و لایەنانەی کە باوەڕیان بە مافی نەتەوەیی و ئازادی و پڕەنسیپەکانی دێموکراسی هەیە، پرۆسەیەک لە خەباتی هاوبەش بنیات بنێن؛ چ لە پێوەندی لەگەڵ ناوماڵی کورد و چ  لە ئاستی ئێراندا.

دووبارە سپاس بۆ بەڕێوبەرانی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەم.

 سپاس بۆ گوێ گرتنی ئێوەش.