کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریکردن کۆمیتەی حیزب لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی "کەجەکە" لە وڵاتی سویسدا

13:04 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویسدا، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی کەجەکە کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندان، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویسدا، بە سەرپەرەستیی "ئەنوەر بەردیا"، بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە سویس، بەشدارییان لە کۆڕی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کەجەکە کرد.

کۆڕەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد، پاشان پەیامی بنەماڵەی شەهیدانی کەجەکە خوێندرایەوە، دواتر "زوبیر ئایدار"، بەرپرسی پلەبەرزی کەجەکە لە دەرەوەی وڵات وتارێکی پێشکەش کرد.

بەدوای وتەکانی زوبیر ئایدار، لە لایەن کۆمیتەی حیزب لە سویس، لە لایەن "کامران ڕەسووڵیـ"ـیەوە وتارێکی پێشکەش بە بەشدارانی ئەو کۆڕە کرا.

 ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: با بێین ڕۆژی شەهیدان، بکەین بە هەوێنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لە ئاستی نەتەوەکەماندا، ناوبراو هەروەها وتی: کە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی لە ئاست هەر چوارپارچەی کوردستان نییە، کە بۆ ئازادی کورد و کوردستان خەبات بکات و پێشەوا قازی محەممەد بە پێشەوا و ڕێبەری کورد نەزانێت، بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک چۆن لە ڕابردوودا ئەو داوایەمان خستە بەردەم هەموو لایەنەکان، ئەوڕۆش لە کۆڕی ڕێزگرتن لە شەهیدانی کەجەکە، کە گەورە بەرپرسانی کەجەکە ئامادەن، جارێکی دیکە داوا دەکەین کە کەجەکە و هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد بکەن بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕەسووڵی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: یەک لە پەیامەکانی حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە هەر تێکۆشەرێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان کە لە پێناو خاک و نیشتمانی خۆی شەهید ببێت، حیزبی ئێمە بە شەهیدی خۆی دەزانێت، مێژوو شایەتی بۆ ئەوە دەدات، کە حیزبی دێموکرات لە زۆر کاتوساتدا بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی فیدای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی کردووە، ئێمە وەک حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، خۆشی و ناخۆشییەکان و دەرد و مەینەتییەکانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کۆردستان بە ئێش و ئازاری خۆمانمان زانیوە، لە هەر کاتێک پێویست بووبێت بە دوور لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵمان داوە کە هاوکاری ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بین، هەر بۆیە هەر ئەو چاوەڕوانییەشمان لە خۆشک و برایانمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە کە هاوکار و یارمەتیدەری بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن.

پاشان لە پەراوێزی ئەو کۆڕەدا، بەڕێز "زوبیر ئایدار"، یەک لە گەورە بەرپرسانی کەجەکە لە دانیشتنێکی یەک کاتژمێریدا لەگەڵ شاندی حیزب، وێڕای بەرزنرخاندنی هەڵویستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداریکردن لەو کۆڕەدا، کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لەگەڵ شاندی حیزبی دێموکرات خستە بەرباس، "زوبیر ئایدار" هەروەها داوای کرد کە حیزبی دیموکرات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەرکێکی قورسی نەتەوەیی لەسەر شانە، هەوڵەکانی خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بخاتە گەڕ. شایانی باسە کە شاندی حیزبی بەشدار لەو کۆڕەدا پێکهاتبوون لە بەڕێزان "ئەنوەر بەردیا" بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزب لە سویس، "ئازاد بیتاری" بەرپرسی ڕێکخستنی کۆمیتەی حیزب لە سویس و "کامران ڕەسووڵی" جێگری بەرپرسی ڕێکخستنەکانی حیزب لە ناوەندی ئورووپادا.