کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێكی حیزبی دێموكرات لە سێمیناری دوو حیزبی باكووری كوردستان

10:56 - 29 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سێمیناری دوو حیزبی باکووری کوردستان لە وڵاتی دانمارک بەشداری کرد.

ڕۆژی یەكشەممە، ٢٨ی ڕێبەندان، شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە شاری كۆپێنھاگ، بە سەرپەرەستیی مەجید جنیكانلوو، لە سێمیناری مەسعوود تەك سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان_ باكوور و مستەفا ئۆچەلیك سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان-باكوور بەشداری کرد.

سەرەتای ئەو ڕێورەسمە بە سروودی نەتەوەییی "ئەی رەقیب" و دەقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان دەستی پێ كرد.

پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو سێمینارە بەخێرھاتنی میوانان كرا.

دواتر مەسعوود تەك، سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان، باسێكی لەسەر ڕەوشی كورد لە باكووری كوردستان و سیاسەتی دەوڵەتی بەناو ئیسلامی بەڵام لە ناوەرۆكدا كەماڵیستی توركیە پێشكەش كرد.

تەك لە وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بە ھەڵبژاردنەكانی پێشەڕۆی توركیە و دروستبوونی بەرەیەكی تازەی كوردی و نەتەوەیی لە كوردستانی باكوور كرد، كە لە لایەن دوو حیزبی پارتی سۆسیالیستی كوردستان و پارتی ئازادیی كوردستان دامەزراوە و لە لایەن ھێندێك حیزبی نەتەوەیی لە باكووری كوردستان و كەسایەتییە كوردەكان پشتیوانی لێ دەكرێت، كە بە بەرەی وەڵاتپەروەر و دێموكرات ناسراوە .

سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان، لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بە بەرەی ڕابردوو لە نێوان حیزبە كوردییەكان و ھەدەپەدا كرد و وتی: بە ھۆی بێپرەنسیبی و لە بەرچاو نەگرتنی ئەو بڕیارنامەیەی كە لە نێوان ئەوان و ھەدەپەدا واژۆ كرابوو و پێبەند نەبوونی ھەدەپە بە پرسی نەتەوەیی ئێمە ئەوجار بە پێویستمان زانی، كە وەك بەرەیەكی كوردایەتی بەشداری ھەڵبژاردنەكانی شار و شارەوانییەكانی كوردستانی باكوور ببین.

پاش قسەكانی مەسعوود تەك، مستەفا ئۆزچەلیك سەرۆكی پارتی ئازادی باسەكەی پێشكەش كرد.

ئۆزچەلیك لە وتەكانی خۆیدا باسی ڕەوشی ئێستای كورد لە باكوور و بەتایبەتی زەختی ڕێژیمی كەماڵیستی توركیە بۆ سەر كوردەكان و بەتایبەتی ئەو حیزبە كوردییانەی كرد كە ناوی كوردستانییان هەیە و ئاماژەی بە زەخت و گوشاری دەوڵەتی تورك بۆ داخرانی ئەو حیزبە كوردستانییانە كرد.

سەرۆكی پارتی ئازادی وتی: لەو ڕێگایەدا ھەر گوشارێك بێتە سەر ئێمە ، ئێمە ئامادە نین لە ویستە ڕەواكانی گەلی كورد لە باكوور دەست ھەڵگرین و خەباتی ئێمە تەنیا بۆ ڕزگاری كورد و كوردستانە و ئامادەین نرخی ئەو ئازادییە ھەرچی بێت پێشكەشی بكەین و ترسمان لە دەوڵەتی تورك و ئاكەپە نییە.

ناوبراو ھەروەھا لە بەشێك لە وتەكانیدا ئاماژەی بە ھۆكاری بەشداری نەكردنیان لەگەڵ ھەدەپە كرد و وتی: لە ڕاستیدا ھەدەپە خۆی وەك حیزبێكی توركیە ئەژمار دەكات و قەت خۆیان بە حیزبێك نازانن كە پارێزەری مافەكانی گەلی كورد بێت و ھەر بۆیە ھەر حیزب و ڕێكخراوێك كە پارێزگاری لە ویستەكانی گەلی كورد نەكات، ئێمە ناتوانین لەگەڵیاندا ھاوپەیمان و ھاوھەڵوێست بین.

لە بەشێكی دیكەی ئەو سێمینارەدا چەندین پرسیار لە لایەن بەشداران ئاراستەی ھەر دوو سەرۆكی "پسك" و "پاك" كران كە بە وردی وڵامی پرسیارەكانیان درایەوە.

جێگای ئاماژەیە كە لەو سێمینارەدا دەستەگوڵێك لە لایەن كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش بە ھاورێیانی كۆمیتەكانی پاك و پسك كرا، كە سپاسی ھەڵوێست و پشتگیری بەردەوامی حیزبی دێموكراتیان كرد.