کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشوودانی منداڵان لە ئێراندا بووەتە قەیران

13:58 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دیاردەی بەشوودانی کچان کە پێشتر لە تەمەنی ١١ ساڵیدا ڕووی دەدا، ئێستا بۆ تەمەنەکانی ٨ تا ٩ ساڵانیش دابەزیوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕۆژنامەی "ئێرانـ"ـی سەر بە ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە کە تەمەنی بەشوودانی کچان لە گوندی "بیدەک"، سەر بە شاری "بۆجنورد"، لە ١١ ساڵەییەوە بۆ تەمەنەکانی ٨ تا ٩ ساڵانیش دابەزیوە.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە زاری منداڵێکی ئەو گوندەوە نووسیویەتی: "لەم دواییانەدا ئەم ڕەسمە پەرەی سەندووە. پێشتر کچان لە ١١ساڵەییەوە بەشوو دەدران، بەڵام ئێستا لە تەمەنی ٨ یان ٩ ساڵیشەوە بەشوو دەدرێن".

هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکێک لە ئەندامانی ناوەندی بێهداشتی ڕێژیم وتوویەتی: ''ئێستا لێرە زۆرترین ڕادەی بەشوودانی کچان لە تەمەنی ٩ تا ١٢ ساڵیدایە. لە ٩ ساڵیدا سیغە دەکرێن و لە ١٢ ساڵیشدا بەشوو دەدرێن، کچانی سەرەوەی تەمەن ١٥ ساڵیش دەبێ ببنە ژنی دووهەمی پیاوێک کە هاوسەرەکەی لەدەست داوە و ٥٠ ساڵ تەمەنیەتی''.

پێشتر لەمبارەوە "فریشتە سەلجووقی"، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی "کاروباری ژنان و بنەماڵەکانـ"ـی پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی وتبووی: "خوراسانی ڕەزەوی بە تۆمارکردنی ٦ هەزار و ٧٥٩ حاڵەتی بەشوودانی منداڵانی ژیر تەمەن ١٣ ساڵ، لە ئاستی ئیراندا پلەی یەکەمی هەیە، کە تا ئیستا هیچ ئاوڕێکی لێنەدراوەتەوە".

ئاماری بەشوودانی کچانی ژیر تەمەنی ١٥ ساڵ، تەنیا بۆ سەر ئەم پارێزگایە ناگەڕێتەوە، بەڵکوو پێشتریش لە چەندین شاری ئێراندا بەشوودانی زۆرەملێی هاوشێوە لە ئارادا بووە.  

لە مانگی جۆزەدانی ٩٨دا ، "سەعید گوڵستانی"، جێگری پێشگرتن لە ڕوودانی تاوانی دادوەریی هەمەدان وتبووی: "لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ١٥٩٦ کچی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ، لە هەمەداندا بەشوو دراون، کە لەو ڕێژەیەش ٦٠ حاڵەتیان لەگەڵ تەڵاق و جیابوونەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە".