کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشوودانی کچانی ژێر ١٨ ساڵ دیاردەیەکی باو لە ئێراندا

11:39 - 27 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکانی لێکۆڵەرێکی کۆمەڵناسی، ١٧%ی هاوسەرگیرییەکان لە ئێراندا لەگەڵ کچانی ژێر تەمەن ١٨ساڵ ئەنجام دەدرێت و  ١٤ هەزار بێوەژنی ژێر تەمەن ١٨ ساڵیش لە ئێراندا هەیە.

بە وتەی کامیل ئەحمەدی، لە کۆڕی گەشەی منداڵاندا، لە ساڵی٩٠دا، ٣٩هەزار و ٦٠٩ کەس (٤.٥ لەسەد) لە منداڵگەلێک کە هاوسەرگیرییان کردووە، لە نێوان تەمەنی١٠ تا١٤ ساڵیدا بوون، ئەم ئامارە لە ساڵی ٩١ بە زیاتر لە٤٠ هەزارکەس (٤.٩ لەسەد) گەیشتووە و لە ساڵی ٩٢گەیشتووەتە (٣.٥ لەسەد) و لە ساڵی ٩٥دا (٥.٥ لەسەد)، کە ئەم ئامارە ڕووی لە زیادبوونە.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو کراونەتەوە، کە هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر ١٣ساڵی بەتەواوەتی قەدەغە دەکرد، کە لە کۆمسیۆنی حقووقی و دادوەریی مەجلیسی ڕێژیمدا ڕەت کرایەوە، لەم گەڵاڵەیەدا ئەوپەڕی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان ١٦ ساڵ و بۆ کوڕان ١٨ ساڵ خەڵمێندراوە.

ئاماری تەڵاق و لەدایکبوونی منداڵ لەم چەشنە دایکانە لە سەرەوەیە، بە شێوەیێک کە لە ساڵی ٩٤دا ٩٧هەزار و ٨٦٢ منداڵ لە دایکانی ژێر ١٩ ساڵ لە دایک بوون، کە ١٥١١ کەسیان ژێر١٥ ساڵ بوون و بەپێی دوایین سەرژمێرییەکان لە ساڵی ٩٠ تا ٩٤ ئاماری تەڵاقی منداڵانی ژێر١٩ ساڵ ٩٥ هەزار کەس بووە کە لە ساڵی ٩٤دا ئاماری تەڵاقی منداڵانی ژێر١٤ساڵ گەیشتووەتە ١٢٠٠ کەس.

ئەم ئامارانە، لە کاتێکدایە کە تەمەنی یاسایی بۆ بڕیاردانی تاکەکان لە کۆمەڵگا جیهانییەکان ١٨ساڵە، بەڵام لە ئێراندا ئەم تەمەنە ڕەچاو ناکرێت و حکوومەتیش هیچ هەوڵێک لە پێناوی چارەسەریی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانەدا نادات و تەنانەت پڕوپاگاندەشیان بۆ دەکات.