کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی ماڵیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بانگەوازێكی بڵاو کردەوە

07:58 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕوو لە هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز دەکات کە وەک هەمیشە پشت و پەنای لەشکان نەهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بن.

دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی ئازادیخواز!

خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی ماندوونەناس، هۆگرانی ئازادی و دادپەروەری!

ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

هەر وەک ئاگادارن ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ماکەی تێرۆریزمی جیهانی بە هۆی لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و پشتیوانی لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچە و دنیا، هەروەها بە هۆی ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی وڵات و خستنە مەترسیی ئاسایشی تێکڕای گەلانی ئێران و بەتایبەتیش لە کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا وەک ڕێژیمێکی دژی مرۆیی بێزراوە.

چەخماخەی ڕاپەڕین لە نێوخۆی وڵات لێدراوە و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا لەگەڵ گەمارۆی توندی ئابووری بەرەوڕوو بووەتەوە. لە کاتێکدا تەمەنی پڕ لە تاوانی ئەو ڕێژیمە تێرۆریستییە گەیشتووەتە لێواری لەناوچوون کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لە جاران لەمەڕ گەیشتن بە مافی ڕەوا و دێموکراتیکی خۆی شێلگیر و بەهێزتر بووە و بەتایبەتیش ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە گیانفیدایی و قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گەلێک دەسکەوتی بەنرخی بۆ نەتەوەکەمان بەدەست هێناوە و توانیویەتی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ئاستی جیهاندا بخاتە ڕۆژەڤی ڕووداوەکان و شوناسی تایبەتی پێ ببەخشێ.

 خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەمان و بەتایبەتیش ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەردەمی ئێستادا بە قۆناخێکی زور هەستیاردا تێدەپەڕێ و دەرفەتی مێژوویی لەبەردەستە کە پێویستە هەموو لایەک بە مەسئوولیەتەوە ئەو دەرەفەتە لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان بقۆزینەوە و تێکڕای دڵسۆزان و ئازادیخوازان و بە تایبەتیش ئەندامان و لایەنگرانی دەروەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات یارمەتیدەری بن.

بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر بیروڕای گشتی جیهان بەرەو پرسە نەتەوایەتییەکانمان و پرسی کورد لە ئێران ڕابکێشین و لە ناوخۆی وڵاتیش قۆناخی ڕاپەڕین و زایەڵەی خەبات زیاتر بە کردەیی بکرێ، بە تاک و کۆمەڵ ئەرکی قورسی بە مەنزڵ گەیاندنی ئەو خەباتەمان لەسەر شانە و وەک دەزانن یەکێک لە جومگە سەرەکییەکانی پێویستیی سەرکەوتنی ئەو خەباتەش بوونی، بونییەکی ماڵیی بەهێزە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شانازی ئەوەی پێ بڕاوە وەک هێزی نەتەوەیی و جێگەی بڕوای گەلەکەی پشت بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامان و دڵسۆزانی لە دەرەوەی وڵات ببەستێ. هەر لەو ڕاستایەشدا ڕێکخستنی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ڕوو لە هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز و بەتایبەتیش کوردانی دەرەوەی وڵات دەکات کە وەک هەمیشە پشت و پەنای لەشکان نەهاتووی حیزبەکەتان "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و جووڵانەوەی ئازادیخوازی بن لە ڕۆژهەڵات و بەپێی توانا یارمەتی ماڵی پێشکەش بکەن. بە دڵنیاییەوە یارمەتی ئێوە کاریگەری زۆری هەیە لە ڕاستای بەرەوپێشچوون و بەهێزبوونی ڕاسانی ڕۆژهەڵات.

پێشەکی بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەین و دەستی یارمەتیبەخشتان دەگوشین.

بە هیوای سەرکەوتن

بەشی ماڵیی حیزب لە دەرەوەی وڵات

٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی