کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە بوودجەی دابینکراو بۆ گوندەکان لە لایەن خۆدی دەوڵەتەوە دزراوە

12:06 - 14 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەت لە بوودجەیەک کە بۆ ڕاکێشانی ئاو بۆ گوندەکان دیاری کرابوو، ١٥ لەسەدی هەڵگرتووەتەوە.

لە بوودجەی دیاریکراوی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، دەوڵەتی ڕۆحانی، ٣٠٠ میلیون دۆلاری تەرخان کردووە بۆ پرۆژەی گەیاندنی ئاو بە گوندەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، ئێستا دەرکەتووە کە خۆدی دەوڵەت ١٥ لەسەدی ئەو بوودجەیە، واتە ٤٥ میلیون دۆلاری هەڵگرتووەتەوە و لە شوێنێکی دیکەدا خەرجی کردووە.

ئەو کردەوەی دەوڵەت لە حاڵێکدایە، کە بەپێی یاسا، دەوڵەت لە بوودجەیەک کە بۆ هەر پرۆژەیەک تەرخانی دەکات، بۆی نییە بەشێکی لێ هەڵبگرێت و لە پرۆژەکانی دیکەدا خەرجی بکات.

موحمەمەدڕەزا ڕەزایی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئاوەدانیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕای گەیاندووە، کە ئەم پێشلکارییە لە یاسا لە لایەن دەوڵەتەوە گەڵاڵە کراوە و نێردراوە بۆ دیوانی موحاسباتی وڵات و دەوڵەت دەبێ لەو بارەوە ڕاپۆرتی تێچووی ئەو پرۆژەیە بە مەجلیس بدات.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەو ٩٩٠٠ میلیارد ڕیاڵە کە دەکاتە ٣٠٠ میلیون دۆلار، تەرخان کراوە بۆ ڕاکێشانی بۆری ئاو بۆ گوندەکان لە سەرتاسەری ئێراندا، دیار نییە لە کوێ خەرج کراوە و هێشتا زۆربەی گوندەکانی ئێران لە ئاوی خواردەمەنی و بۆری بێبەشن.

گوندەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کرمان و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، لەو ناوچانەن کە لەگەڵ کێشەی کەمئاوی بەرەوڕوو بوونە و بەشێک لە گوندەکانی ئەو ناوچانە، لە کانی و بیر ئاوی پێویستیان دابین دەکەن و وشکەساڵی وای کردووە، کە لەو ئاوەش بێبەش ببن.

لەو پەیوەندییەدا، بەشێک لە خەڵکی گوندەکانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی کەمئاوییەوە ناچار بوونە کە گوندەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن بەرەو شارەکان و ڕێژیمیش بەئەنقەست بە کەمتەرخەمییەکانی پەرە بە کۆچی ناچاری لە گوندەکانی کوردستان دەدات.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێژیم بۆ بەنداوسازکردن لەسەر ڕووبارەکانی کوردستان و گواستنەوەی ئاوی ڕۆژهەڵات بۆ بیاوانەکانی نێوەڕاستی ئێران، میلیاردها دۆلار تەرخان دەکات، بەڵام کەمترین خزمەتگوزاریی بە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت و بەگشتی هەم ئاوی کوردستان دەدزێت و هەم ئەو ڕێژە بوودجە کەمەش بە خەڵک نادات.