کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێکی زۆر لە منداڵانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراەوکان، ئەمساڵ لە خوێندن بێبەش دەبن

18:53 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەری قەسرشیرین لە مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە بۆ مانگی ڕەزبەر،پرۆژەی سازکردنی قوتابخانە و گواستنەوەی قوتابیان جێبەجی نابێت.

فەرهاد تەجەری، بەناو نوێنەری قەسرشیرین لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێراندا ڕایگەیاندووە، کە دروستکردن و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان بۆ خوێندنی ئەمساڵ تەواو نابن و بەشێکی زۆر لە قوتابیانی ئەو ناوچانە لە خوێندن دادەبڕێن.

هەرەوەها ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە گواستنەوەی قوتابیان بۆ قوتابخانە سازکراوەکان و بۆ قوتابخانەی ناوچە و شارەکانی دیکە درەنگە و ئەم پرۆژەیەش جێبەجی نابێت.

کەمتر لە ١٥ ڕۆژی دیکە ساڵی خوێندن لە ئێراندا دەستپێدەکات، کەچی هەتا ئێستا منداڵانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، چاوەڕوانن کە قوتابخانەیان بۆ ساز بکرێت تاکوو درێژە بە خوێندنیان بدەن، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمییە بە ئەنقەستەکانی ڕێژیم بۆ دواخستنی کۆمەڵگای کوردستان، بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئەو ناوچانە لە خوێندن بێبەش دەبن.

ساڵی پاریش بەشێکی زۆر لە قوتابیانی ئەم ناوچانە نەیانتوانی درێژە بە خوێندن بدەن و بەشێکیشیان لەژێر خێوەت و لە نێو کانکسەکان بە کەمترین پێداویستییەکان درێژەیان بە خوێندن دا و بەرپرسانی ڕێژیمیش بە بەردەوامی بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی خوێندنیان بە خەڵک دەدا، بەڵام ئەوە زیاتر لە ١٠ مانگە کە هیچکام لەو بەڵێنانە جێبەجی نەبوون.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئاوارەیی، هەژاری و نەبوونی سەرچاوەی داهات لەو ناوچانە  و گرانی پێنووس و تێنووس کە بە شیوەی سەرسووڕهێنەر بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە؛ وای کردووە کە بنەماڵەکان گۆشارێکی زۆریان لەسەر بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و تەنانەت زۆربەی بنەماڵەکان لەو ناوچانە ناتوانن پێداویستییەکانی خوێندن دابین بکەن، ڕێژیمیش لەوپەڕی کەمتەرخەمی ئاوڕێک لەو پرسە لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان ناداتەوە.