کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەقوڕگرتنی دەرگای ئیدارەی ژینگەی خووزستان

12:31 - 20 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: چالاکێکی ژینگەپارێزی شاری خووزستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی ئیدارەی ژینگەی ڕێژیم، دەرگای سەرەکی ئەو ئیدارەیەی بەقوڕ گرت.

لە گرتە ڤیدئۆییەکدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، چالاکێکی ژینگەپارێزی خووزستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر سیاسەتە ژینگەیییەکانی ڕێژیمی ئێران و بارودۆخی نالەباری ژینگەی پارێزگای خووزستان، دەرگای ئیدارەی گشتیی ژینگەی ئەو پارێزگایەی بەقوڕ گرتووە.

ئەو چالاکە ژینگەیییە، لەو گرتە ڤیدئوییەدا باس لەوە دەکات، کە بە نوێنەرایەتی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی خووزستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر بارودۆخی ژینگەی ئەو پارێزگایە بەتایبەت بڵاوبوونەوەی تۆزی لەڕادەبەدەر لە ئاسمانی خووزستان و وشکبوون و گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو پارێزگایە، ئەو کارەی کردووە.

ئەو چالاکە ژینگەیییە، بارودۆخی ژینگەی خووزستانی لەوپەڕی نالەباری زانیوە و کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمی بە جەنایەت بەدژی مرۆڤایەتی ناو بردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە خەڵکی پارێزگای خووزستان بەتایبەت منداڵان خەریکن گیانیان لەدەست دەدەن.

چەندین ساڵە کە پارێزگای خووزستان، لەگەڵ کێشەی تۆز بەرەوڕووە و لە هەموو وەرزەکانی ساڵ چەندین ڕۆژ ڕادەی تۆز لە ئاسمانی ئەو پارێزگایە لە ئاستی قەیراناویدا بەرز دەبێتەوە و هەناسەکێشان لەو پارێزگایە ئەستەم دەبێت، بەڵام بەەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەوە تەنیا دروشم دەدەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، پارێزگای خووزستان تووشی قەیرانی کەمئاوی بووە و ڕێژیم بە بەنداو سازکردنی ناکارناسانە و گواستنەوی ئاوی ئەو پارێزگایە بۆ بیاوانەکانی ناوەندییی ئێران، ئەو پارێزگایەی تووشی وشکەساڵی کردووە.

ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی لە هەوڵدایە، کە نەتەوەکانی غەیرە فارس لە ئێراندا، بە هەموو شێوەیەک لەنێو ببات و داهات و سامانی ئەو ناوچانە تاڵان بکات.