کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەلەمەکانی سپای پاسداران لە کەنداو بە دوای ئاژاوەنانەوەن

11:41 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەلەمە خێراکانی سپای پاسداران بە مەبەستی ئاڵۆزکردنی ئاوەکانی کەنداو لە دەوروبەری ناڤەکانی ئامریکا خەریکی مانۆڕدانن.

کاناڵی هەواڵدەریی ئن.بی.سی لە هەواڵێکدا باسی لەوە کردووە، کە بەلەمە خێراکانی سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر، لە دەوروبەری ناڤە شەڕەکەرەکانی یوو.ئس.ئسی ئامریکایی، لە ئاوەکانی کەنداو سووڕاونەتەوە و خۆیان لەو ناڤانە نزیک کردووەتەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە ئەم بەلەمانە هەتا مەودای ٣٠٠ یاردیی یەکێک لەو ناڤانەی نزیک بوونەتەوە، کە چەندین ژێنراڵی پلە بەرزی ئامریکایی لە نێویدا بوون.

یەکێک لە مەلەوانەکانی سپای پاسداران لە پەیامێکی ڕادیوییدا پرسیاری لە ژمارەی پێشگری کەشتییەکە کردووە و لەو ڕێگاوە ویستوویەتی بزانێت کەشتییەکە سەر بە کام وڵاتە، کە لە لایەن مەلەوانێکی ئامریکایی وڵامی دراوەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە، کە ئەم کەشتییە بەشێک لە کەشتییە شەڕکەرەکانی ئامریکایە، بەڵام بەوەشەوە هەروا درێژەیان بە مانۆڕی خۆیان داوە.

ئەگەرچی یەکێک لە مەلەوانەکانی سپای پاسداران لە پەیامێکدا هەڕەشەی لە ئامریکایییەکان کردووە، کە لە ئەگەری سووڕانەوەی هەلیکۆپتێرەکانیان تەقەیان لێ دەکەن، بەڵام هەلیکۆپێترەکانی ئامریکا درێژەیان بە هەڵفڕین داوە و هیچ تەقەیەکیشیان لێ نەکراوە.

ژنێراڵ وتێل، یەکێک لە بەرپرسە نیزامییە ئامریکایییەکان، لەم بارەوە باسی لەوە کردووە، ئەگەرچی هاتووچۆی بەلەمەکانی سپای پاسداران ئاسایی بووە و زیاترین کارێک کە دەتوانن بیکەن بەشوێنکەوتنە، دەنا هیچ کارێکی دیکەیان پێ ناکرێت.

ئەم جۆرە هاتووچۆ و مانۆڕە نیزامییەی بەلەمەکانی سپای پاسداران، ماوەیەک بوو کە کەمی کردبوو، بەڵام بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسانی ڕێژیمی لە ئەگەری ڕوودانی هەر شەڕ و ئۆپراسیۆنێکی نیزامی و هەروەها خۆنواندن لە هەمبەر هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە ئاوەکانی کەنداو ماوە بە ماوە مانۆڕێکی پووشاڵین ئەنجام دەدەن.