کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم، دەسدرێژی دەکەنە سەر کچانی ئێران

12:11 - 21 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوە ئیسلامییە خوێندکارییەکانی ٤ زانکۆی ئێران، خوازیاری بەدواداچوون بۆ دۆسییەی دەسدرێژی بەناو نوێنەرێکی مەجلیس بۆ سەر کچێک بوون، که بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک باسی لە ڕوودانی ئەم دەستدرێژییە کردبوو.

نامە نیووز، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە چوار دامەزراوەی خوێندکاریی ئیسلامی، سەبارەت بەم دۆسییەیە نامەیەکیان بۆ عەلی لاریجانی، بەرپرسی مەجلیسی ئێران ناردووە.

ئەوان لە نامەکەی خۆیاندا، داواین لە لاریجانی کردووە، که بابەتی ئەخلاقیی پێوەندیدار بەم نوێنەرەی مەجلیس تاوتوێ بکات و ڕاستبوون یان ناڕاستبوونی ئەو بابەتە بە بیروڕای گشتی ڕابگەینێت.

زەهرا نەویدپوور بە بڵاوکردنەوەی فایلێکی ڤیدئۆیی باسی لەوە کردبوو، که "سەلمان خودادادی"، بەناو نوێنەری مەلەکان، لە مەجلیسی ڕێژیمدا، دەسدرێژی کردووەتە سەری.

پێشتر هەواڵدەریی هێرانا سەبارەت بەم بەناو نوێنەرە ڕایگەیاندبوو، که سەلمان خودادادی پێشینەی ئازاردان و دەسدرێژی هەبووە؛ ناوبراو ماوەیەک بە تۆمەتی دەسدرێژی به مۆنشییەکەی خۆی دەسبەسەر کراوە، هەر بۆیە شیاوەتیی بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیس ڕەت کراوەتەوە، کە دواتر به دەستێوەردانی شۆرای نیگابان بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، دۆزگەری شاری مەلەکان، به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لەوە کردبوو، که زەهرا نەویدپوور لە مەلەکان خۆکوژی کردووە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە که هەندێ کەسیش لەسەر ئەو بڕوایەن کە مردنی ئەم کچە پاش تۆمارکردنی سکاڵا به دژی ئەم بەناو نوێنەرەی مەجلیسە ڕووی داوە و پێیان وایە کە بە شێوازێکی گوماناوی مردووە و پێدەچێت کە کوژرابێت.