کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەناو نوێنەرانی مەجلیسیش دەستیان بە چەواشەکاری کردووە

11:59 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە زۆرینەی خوێندەواران و بلیمەتەکانی کوردستان، بە کارگەلێکەوە خەریکن کە هیچ پێوەندییەکی بە پسپۆڕیی ئەوانەوە نییە.

یەکێک لە بەناو نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسی ئەو ڕێژیمەدا، لە چەواشەکارییەکدا ڕوو لە سەرکۆماری ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە زۆرینەی خوێندەواران و بلیمەتەکانی کوردستان، بە کارگەلێکەوە خەریکن کە هیچ پێوەندییەکی بە پسپۆڕیی ئەوانەوە نییە و وتوویەتی لاوانی کورد، کار و پیشەیەکی ڕێکوپێکیان نییە و زۆر کەم لە لایەن دەوڵەتەوە، دامەزراندنیان بۆ دەکرێت.

ئەم بەناو نوێنەرە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەگەلێکی بەرچاو کردووە، بۆ نموونە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٥ لەسەد بودجەی ئاوەدانی بە شار و پارێزگاکانی کوردستان نەدراوە تاکوو بۆ ئاوەدانی و نۆژەنکردنەوە بە کاری بێنن.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدا لەم چەواشيکارییەدا ئەمەی وەکوو ئەرکی دەوڵەت ناو بردووە و باسی لە دۆزینەوەی ڕێگاچارە کردووە کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمدا، خۆیان لە یەکەم کەسانێک بوون کە بەڵێنیی درۆیان بە خەڵک دەدا.

باسکردن لە بەڵێنییە درۆکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئەم کەسانەوە، چەواشەکارییەکی ئاشکرا بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیری خەڵک بۆ لایەکی دیکەیە تاکوو بتوانن بەم شێوەیە خۆیان لە ڕەخنەکانی خەڵکێک کە بە بەڵێنیی درۆ و بێبنەما هێنراونەتە پای سندووقەکانی دەنگدان، دوور بکەنەوە.