کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری جیرەبەندی بێنزین لە ساڵی داهاتوودا هەیە

12:23 - 1 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیم لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا، پلانی جیرەبەندی بەنزین تاوتوێ دەکات و باسی نەگۆڕینی نرخی بەنزین لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوو کراوە.

عەلیڕەزا ڕەحیمی، ئەندامی لیژنەی بەڕێوبەریی مەجلیسی ڕێژیم، بەیانیی یەکشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، باسی لە پێشکەشکردنی گەڵاڵەیەکی جیرەبەندی بەنزین کرد و دەوڵەتیش نرخی بەنزینی لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوودا نەگۆڕیوە و نرخی ساڵی ڕابردووی بۆ دیاری کردووە.

بیژەن نامدارزەنگەنە، وەزیری نەوتی ڕێژیم، پێشتر لەگەڵ گەڵاڵەی فرۆشتنی بەنزین بە نرخی جیاوازەوە دژایەتی کردبوو و لە لایەکی دیکەوە، "مەحەمەدڕەزا پوورئیبراهیمی"، بەرپرسی کۆمسیۆنی ئابووریی مەجلیس وتوویەتی: جیرەبەندی بەنزین بۆ پێشگرتن لە قاچاخی سووتەمەنی "پێویستـ"ـیە.

پوورئیبراهیمی هەروەها باسی لە زۆربوونەوەی قاچاخی بەنزین، لە سەردەمی ڕۆحانیدا کرد و لە هۆکارەکانی: کۆکردنەوەی کارتی سووتەمەنییەکان لەم سەردەمەدا و دابەزینی نرخی ڕیاڵی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاردا وەسف کرد و قاچاخی ڕۆژانەی بەنزینی ١٥ میلیۆن لیتری لە ڕۆژدا خەمڵاندووە.

گرانی و خراپبوونی کوالیتیی بەنزین و سووتەمەنی و نەبوونی دەرفەتی کاری پێویست لە ئێراندا هۆکارگەلێکن بۆ هاوەردەکردنی نایاسایی بەنزین و فرۆشتنیان لە بازاڕی ڕەشدا.