کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهرامی قاسمی پشتیوانی لە قسەکانی محەممەدجەواد زەریف کرد

12:27 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی لە قسەکانی محەممەدجەواد زەریف، لە بارەی "لەنێوبردنی ئیسرایل" کرد و حیزبوڵڵای لوبنانیش زەریفیان وە درۆ خستەوە.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیرنا"، "بەهرام قاسمی"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی بەفرانبار، پشتیوانیی لە قسەکانی "محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم کرد، کە لەگەڵ رۆژنامەیەکی فەڕانسەییدا وتووێژی کردبوو و وتبووی: "ئێمە کەی وتوومانە ئیسرایل لە نێو دەبەین" و لەم بارەوە وتی: "محەممەدجەواد زەریف قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی و عەلی خامنەیی بەبێ هیچ گۆڕینێک و لادانێک وتووەتەوە، کە ئەوان وتبوویان: ئیسراییل هەتا ٢٥ ساڵی دیکە نامێنی".

هەروەها "بەهرام قاسمی"، ڕەخنەی توندی لە میدیا نێوخۆیییەکانی ڕێژیم گرتبوو  و بەوە تۆمەتباری کردوون، کە هەڵنجانی ناڕاست و ڕقاوییان لە قسەکانی وەزیری دەرەوە هەیە.

هەر لەم ڕاستایەدا بەسیجی و حیزبوڵڵاییەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان وێنە و فیلمگەلێک لە قسە و چالاکییەکانیان لە دژی ئیسرایل بڵاو دەکەنەوە، هەتا بیسەلمێنن ئامانجیان لەنێوبردنی ئیسرایلە و زەریف درۆ دەکات.

هەروەها هەواڵدەرییەکانی سەر بە حکوومەت، کاردانەوەی توندیان بەرانبەر بەم لێدوانەی زەریف لە خۆیان نیشان داوە. هەواڵدەریی فارس بە دانانی ڤیدیۆیەک لە لێدوانی ئایەتوڵڵا خومەینی کە نیشان دەدات، کاتێکیش هەر لە فەڕانسەدا بووە، خوازیاری لەنێوبردنی ئیسرایل بووە.

هەندێک لە میدیاکانی دیکەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە دانانی ڤیدیۆ و فیلم کە تێیاندا دەردەکەوێت ئایەتوڵڵا خومەینی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم دروشمی "مەرگ بۆ ئیسرایل" دەڵێنەوە و تەنانەت لەسەر مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران ئەم دروشمەیان نووسیوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی تەسنیم، "حەسەن ڕەحیمپوور ئەزغەدی"، ئەندامی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاند: "ئەم قسانە درۆ و لادانە لە ڕاستی، ئیمام وتوویەتی ئیسراییل دەبێت لە نێو ببردرێت".

محەممەدجەواد زەریف، بە یەکێک لە هێماکانی درۆزنی ڕێژیمی ئیسلامی، بەردەوام لە لێدوانەکانیدا هەوڵی چەواشەکاری ڕاستییەکان و نیشاندانی دەموچاوێکی دێموکراتییانەی ڕێژیم دەدات، کە هەموو جارێک لە لایەن خودی بەرپرسانی ڕێژیم و خەڵکی ئێرانەوە بە درۆ دەخرێتەوە.