کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی داخرانی سنوورەکانەوە، نرخی بێکاری لە سەردەشت بەرز بووەتەوە

14:54 - 12 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: داخرانی دەروازە نافەرمییەکانی شاری سەردەشت، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی بێکاری لەم شارەدا بەرز ببێتەوە.

''ئەقسا نەخشی پوور''، فەرمانداری ڕێژیم لە شاری سەردەشت ڕایگەیاندووە کە لەم شارەدا، پێشتر  نرخی بێکاری ٢٣ لەسەد بووە، بەڵام بە دوای داخرانی دەروازە نافەرمییەکانیی '' قاسمەڕەش'' و '' ئەشکان''، ڕیژەی بێکاری بەرزتر بووەتەوە.

بە وتەی فەرمانداری شاری سەردەشت، ئەم شارە جەوازی هاوردەکردنی ١٠٠ جۆر کاڵای هەیە، بەڵام بە داخرانی ئەم دەروازە سنوورییانە، یەکە ئابوورییەکانی ئەم شارە تووشی کێشەی جیددی بووەتەوە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە بە هەناردەکردن و هاوردەکردنی ١٠٠ جۆر کاڵا لە سنووری سەردەشت، دەتواندرێت ٥٠ لەسەد هەلی کار پێک بهێنرێت و ڕێژەی بێکاری کەم بکاتەوە.

دوای ئەوەی کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەروازەی سنووریی '' کێلێ'' بەفەرمی ڕاگەیەندرا، دەروازە  سنوورییە نافەرمییەکانی شاری سەردەشت داخران و بەم هۆیەوە ڕێژەی بێکاری لەم شارەدا بەرز بووەتەوە. 

شاری سەردەشت چەندین دەروازەی سنووریی نافەرمیی هەیە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داخراون و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەم شارە داناوە.

بەهۆی بێکاری، هەژاری، گرانی و قەیرانە جۆراوجۆرە نێوخۆییەکانی ئێران و...، ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم شارە، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان پیشەی دژوار و پڕمەترسیی کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە کە لەو کارەدا هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم، کۆڵبەران دەکەنە ئامانج.