کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دژی کۆماری ئیسلامی لە فینلاند

11:20 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

 ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، خۆپێشاندانێک بۆ شەرمەزارکردنی کردەوەی تێرۆریستی و مرۆڤ کوژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێرشی مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکڕات لە ڕۆژی ١٧ی خەرماناندا و شەهید و برینداربوونی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگە و ژن و مناڵ  لە نزیک شاری کۆیەی باشووری کوردستان، پێشێلکردنی سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، وەڕێخرا.

خۆپێشاندەران لە کاتژمێر١٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ تا ١٥:٠٠ بە شێوەیەکی هێمنانە لە گۆڕەپانێکی شاری هێلسینکی پێتەختی فینلاندوە بەرە و باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڕێکەوتن.  ئەو خۆپێشاندانە، کە لە لایەن ناوەندی هاوکاریی هێزە کوردستانیەکانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەـ سازمانی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێرانەوە  وەڕێخرابوو، بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد.

بەدوای ئەودا پەیامێک لە لایەن "مووسا لیلانەی"ـیەوە پێشکەش کرا کە لەو پەیامەدا ئیشارە بە هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزب، شەهید و برینداربوونی تێکۆشەرانی دێموکرات و ژن و مناڵ و ئێعدامی ڕۆڵەکانی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کرابوو.

دواتر بەناوی ڕێکخەرانی خۆپێشاندانەکە وتاریک لە لایەن مەجید حەقی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشكەشی بەشداران کرا.

 لە بەشی دیکەی خۆپێشاندانەکەدا بڕیارنامەی هاوبەش بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فینلاندی پێشكەش کرا. بەدوای ئەودا نوێنەری چەند حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتی بەشدار، وتار و پەیامیان لەمەڕ شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی پێشكەش کرد.

هاوکات لە گەڵ بەرێوەچوونی خۆپێشاندانەکە بەشدارن بە دروشمەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕق و بێزاریی خۆیان لەو رێژیمە دەربڕی.

 هەواڵی خۆپێشاندانی کوردستانیان دژی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە میدیاکانی وڵاتی فینلاند بڵاو کرایەوە.

دەستەی بەرێوەبەری خۆپێشاندان:

حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران

کۆمەڵەی شۆرشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵە سازمانی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان

حیزبی دێموکراتی کوردستان