کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز

21:29 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، سێمینارێکی سیاسی بە بەشداری حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووتی نۆروێژ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە نۆروێژ بەڕێوەچوو.

سێمینارەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر ئیبراهیم لاجانی به‌رپرسی كۆمیته‌ی گشتیی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووان كرد.

لەبەشی دووهەمی بەرنامەکەدا، بەڕێزحەسەن شەڕەفی باسێکی پڕنێوەرۆکی سیاسی لە پێوەندیی لەگەڵ ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەلومەرجی ئێستای خەباتی گەلی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی پێشکەش کرد.

ناوبراو لەسەرەتای قسەکانیدا باسی نەخشی پێشمەرگە لە بردنە پێشی خەباتی گەلی کورد خستە بەرباس و دواتر ئاوڕێکی کورتی لە دیاریکردنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی ڕێزنان لە تێکۆشەرانی رێگای ئازادی کوردستان دایەوە؛ لە دریژەی قسەکانیشیدا باسی لە پێگەی ئێستای خەباتی گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو کرد.

بەڕێز شەرەفی لایەنە جۆراوجۆرەکانی پێگەی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی هەڵسەنگاند و وتی: بە هەموو ئەو کەم و کوڕیانەوە کە لە نێو بزووتنەوەی کورددا بە گشتی هەن و بەو هەموو گەلە کۆمەکیەوە کە لە دژی کورد لە ئارادایە، جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە حاڵی بەرەو پێشچووندایە و بووەتە فاکتەرێکی گرنگ لەسەر وەزعی ناوچە و کەس ناتوانێ نەیبینێ. بەوتەی ناوبراو ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان لە نێوخۆیاندا دابەش کردووە و ئەو نەزمە ناعادڵانەیان بەسەر کورددا سەپاندووە، ئێستا هەر یەکەیان بە جیا بۆخۆی لەگەڵ گیروگرفتی گەورە بەرەوڕوون و لە نێو دونیای دەرەوەشدا بێزراون .

جێگیری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، لە دونیای ڕوو لە دێموکراسی ئێستادا ئەو سیستمە سیاسییەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە ناتوانێ بەردەوام بێت و ئایندەی خەباتی کورد گەش و روونە؛ جیا لەوەش لە مێژووی هەموو میللەتاندا چوونە پێش و تەنانەت شکان و پاشەکشەش بۆخۆیان بەشێکن لە پڕۆسەی بەرەو ڕزگاری چوون.

دواتر حەسەن شەرەفی تیشکی خستە سەر ئەو فاکتەرانەی کە دەبێت بزووتنەوەی کورد بەگشتی لە بەرچاویان بگرێ بۆ چوونە پێشی خۆی کە بریتین لە: دەرکی باشتری وەزعی نێونەتەوەیی، زەرورەتی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە خەباتگێڕەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان و هاوئاهەنگی نێوان خەباتی کورد لە هەرکام لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، بەهێزکردنی خەبات بەگشتی و برەوپێدانی خەباتی جەماوەری.

پێویست بە ئاماژەیە کە لە نێوئاخنی ئەم کۆڕە سیاسییەدا پارچە شێعرێک و فیلمێکی دیکیۆمێنتی سەبارەت بە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد خرانە بەر دیدی بەشداربووان.