کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی مەراسمی بەخاکسپاردن و کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان بۆ پێشمەرگەی کەمئەندام مەنسوور پیرۆتی لە وڵاتی سوئید

16:36 - 23 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: مەراسمی بەخاکسپاردن و کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان بۆ پێشمەرگەی کەمئەندام مەنسوور پیرۆتی لە وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.

ڕۆژی هەينى ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، لە شاری ستۆکهۆڵم، تەرمی پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبەکەمان -مەنسوور پیرۆتی- لە نێو ئاپۆڕای بەرینی هاوڕێیان، هاوسەنگەرانی لەمێژینەیی و بنەماڵەکەیدا، بەخاک ئەسپێردرا.

دوابەدوای بەخاکسپاردنەکە و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی، بەشداران بەرەوە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان کەوتنە ڕێ.

کاتژمێر ٢ی دوای نیوەرۆ بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دۆستان و هاوڕێیانی بنەماڵەی پیرۆتی، لە مەڕاسمێکی تایبەتیدا کۆڕێکی پرسە و ڕێزلێنان لە نەمر -مەنسوور پیرۆتی- بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدانی نەتەوەکەمان بەتایبەتی هاوڕێی کۆچکردوو کاک مەنسوور، دەستی پێ کرد.

کۆمیتەی گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، وەک پێکهێنەری ئەو مەڕاسمە پەیامێکی پێشکەش  کرد کە لە لایەن بەڕێز ساڵح پاڵانییەوە خوێندرایەوە.

بەڕێز پاڵانی بە بۆنەی لەدەستدانی یەکێک لە ئەندامە هەرە وەفادارەکانی حیزبەکەمان وێڕای دەڕبڕینی هاوخەمی و پەژارە ئاوڕی لە کەسایەتی و ڕابردووی خەباتی کاک مەنسوور دایەوە و تێکۆشان و قوربانیدانی ناوبراوی لە ڕێگای ڕزگایی گەل و نیشتماندا بەرز نرخاند. لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەدا هاتبوو، کە ئەوە خەبات و بەرەنگاریی قارەمانانێک وەک کاک مەنسوور و هاوسەنگەرانی بووە، کە ئێستاش ڕەوتی خەبات هەروا درێژەی هەیە و لاوان پۆل پۆل بە شانازییەوە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاسانەوەی ئەمجارەی حیزبەکەمان پشتئەستوور بە وەفاداری و دڵسۆزی ئەندامانی وەک کاک مەنسوورە، کە تا دواساتەکانی ژیانیشی بیر و هزر و دڵی هەر لە لای پێشمەرگە و چیاکانی کوردستان بوو. لە کۆتایی پەیامەکەشدا هاتبوو نەوەیەکی نوێ لە لاوانی وڵات لەژێر ناوی (ڕاسانی شار و شاخ) لە تێکۆشان بەردەوامن تا ئاوات و ئامانجە وەدینەهاتووەکانی کاک مەنسوور و مەنسوورەکان بێننە دی و ناو و ڕێبازیان زیندوو بهێڵنەوە.

لەبەشێکی دیکەی مەڕاسمەکەدا، ژیاننامەی کاک مەنسوور پیرۆتی، لە لایەن بەڕێز قادر مێهفەرەوە بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبەوە خوێندرایەوە. بەڕێز مێهفەر لە ژیاننامەکەیدا، ئاماژەی بە چەند قۆناغی گرنگی ژیانی نەمر پیرۆتی کرد و یەک لەوانیش پەیوەستبوونی بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، کە بە بیروباوەڕێکی قوڵ و بڕوایەکی بەهێزەوە بەو ئەنجامە گەیشتبوو، کە ڕزگاریدەری نیشتمانی داگیرکراو  و پشتیوانی سەرەکیی خەڵکی کوردستان هەر هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. لە بەشێکی دیکەی ژیاننامەکەدا ئاماژە بە قارەمانەتی و ئازایەتی ناوبراو لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کرابوو کە بە گیانبازی و لەخۆبووردییەکی کەموێنە لە چەندین داستان و حەماسەی بەرگریدا وەک پێشمەرگەیەکی هەڵمەتبەری چاونەترس ڕۆڵی سەرەکی هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی ژیاننامەکەدا باسی برینداربوونەکانی کاک مەنسوور کرابوو، کە لە ٢ جاری یەکەمدا هەر زوو بەر لە ساڕێژبوونەوەی برینەکانی بڕیار دەدات بڕواتەوە نێو سەنگەری بەرگری و هاوشانی پێشمەرگەکانی دیکە بەرپەرچی هێرشی دوژمنی داگیرکەر بداتەوە. بەڵام بەداخەوە برینداربوونی بۆ جاری سێیەم قاچەکانی لەکار دەخات و بۆ هەمیشە دەکەوێتە سەر (ویلچێر) کە دواتر لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بە مەبەستی چارەسەریی دەنێردرێتە وڵاتی سوئیدەوە.

قۆناغێکی دیکەی ژیانی کاک مەنسوور کە لە ژیاننامەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، وەفاداربوون و دڵسۆزی ناوبراو بوو بە حیزبەکەی کە لە دەرەوەی وڵات و لە غووربەتیشدا بەبێ دوودڵی و گلەیی هەردەم ئامادەی جێبەجێکردنی هەر ئەرک و ڕاسپارەدەیەکی حیزبەکەی بوو و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە نەتەوەیی و حیزبییەکاندا بەشداری دەکرد و پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای حیزبەکەی دەکرد و هەموو کات بە تاسەی بیستنی هەواڵی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حیزبەکەی بوو.

لەبەشی کۆتاییی ژیاننامەکەیدا باس لە هاوسەرەکەی خاتوو هێلێن و سۆرانی تاقانە کوڕی کرا، کە هاودەم و پاڵپشتی کاک مەنسوور بوونە بەتایبەتی هێلێنی هاوسەری کە وێڕای ڕێزدانان بۆ ڕابردووی کاک مەنسوور، پشتیوان و یارمەتیدەرێکی ڕاستەقینەی ژیانی کاک مەنسوور پیرۆتی بووە.

بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسمەکە خوێندنەوەی پەخشانێکی هەستبزوێن بوو، لە لایەن بەڕێز حامید دروودی پێشمەرگەی کەمئەندام و هاوڕێی دێرینی نەمر پیرۆتییەوە، کە لە درێژەدا بیرەوەرییەکی کورتیشی سەبارەت بە چۆنیەتی برینداربوونی کاک مەنسوور بۆ جاری سێیەم گێڕایەوە.

دوابەدوای ئەوە، کاک حەسەن شیوەسەڵی ئەندامی ئیفتیخاری ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات و هاوکات سەمبوولی پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبی دێموکرات، کە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی تیرۆرکرانی ناوبراوە و لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی کەمئەندامانی سەنگەر دیاری کراوە، پەیامی سەرەخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی نەمر پیرۆتی و هاوسەنگەرانی کرد.

بەڕێز شیوەسەڵی لە پەیامەکەیدا وێڕای بەداخبوون و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، لەسەر کەسایەتی کاک مەنسوور دوا و وتی: کە وەک لاوێکی بەهەست هەر زوو ئۆگری دەشت و چیاکان دەبێت و بەهیوا و هومێدی پێشمەرگانەوە چووە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە. کاک مەنسووری ڕۆڵەی قارەمانی مەیدانی بەرەنگاری، هونەری وەفاداری و فیداکاری لە زۆر مەیدانی خوێناوی سامناک و سەپاودا فێر ببوو. بەداخەوە لە ئاخرین ئاڵقەی زنجیرەی بەربەرەکانێیە شۆڕشگێڕانەکانیدا تیری کوێری خوێنمژان پێکای و هەردووک پێی لەکار کەوتن. پەککەوتەیی و ئاوارەیی و ژیانی تواناپڕووکێنی سەر ڕەوڕەوەی کەمئەندامی زەڕەیەک لە ئیمان و بڕوا و ئیرادەی دانەشکاندبوو و بە دیداری هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی شادمان دەبوو و بە تاسەوە بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەبوو. لە کۆتاییی پەیامەکەیدا ئاواتی خواست کە ئاڵقەی ڕەشی مەرگی خەباتکاران تووشی پسان بێت و ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی هەروا ئاوەدان و پڕ ڕێڕەو بمێنێتەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی مەڕاسمەکەدا، پەیامی هاوخەمی کۆمیتەی سوئیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان (هاوڕێیانی پێشوو) لە لایەن بەڕێز حەسەن ئەهوەن خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، هەریەک لە بەڕێزان سەیدئەحمەد حوسێنی هاوڕێی دێرین و ناسیاری بنەماڵەی پیرۆتی هەروەها عەباس یاری پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزبی دێموکرات و هاوڕێی دێرینی کاک مەنسوور، چەند وتەیەکیان لەسەر کەسایەتی و ژیانی پێشمەرگانەی ناوبراو پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا و بە زمانی سوئیدی بەڕێز جوێل کوردە (کوڕی پێشمەرگەی کەمئەندام و هاوڕێی دێرینی کاک مەنسوور بەڕێز عوسمان کوردە)، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. بەڕێز جوێڵ دوای دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی ئاماژەی بەوە کرد، کە کاک مەنسووری وەک سەرمەشقێک بۆ ژیانی خۆی بینیوە و شانازی پێوە دەکات، کاتێک دەبینێ لەگەڵ بابی و هاوڕێیانی دیکەیاندا بەشێک لە جەستەی خۆیان لە ڕێگای خەباتدا لەدەست داوە، بەڵام لە جاران بەهێزتر لەسەر بیروباوەڕ و ڕێبازەکەیان بەردەوامن و گوێ بە سەختی و زەحمەتەکانی ژیان نادەن.

دوابڕگەی مەڕاسمەکە، سپاس و پێزانینی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی سوئید بوو، کە لە لایەن بەڕێز کاکەبرا ئەلیاسییەوە سپاس لە بەشداریی ئەندامانی حیزبی و میوانان و دۆستانی بنەماڵەی پیرۆتی کرا و جارێکی دیکە پرسە و هاوخەمی کۆمیتەی حیزبی بە بنەماڵەی نەمر پیرۆتی و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی گەیاند.