کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ەمین ساڵوەگەری شەهیدانی میکونوس لە پاریس

12:49 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٦هەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی میکۆنوس بە دەستی تێرۆریستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ لە شاری پاریس لە وڵاتی فەرانسە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گۆڕستانی فەرانسە ڕێوڕەسمی یادی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوە چوو.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەڕەوەی وڵات ڕۆژی یەکشەممە، بە بۆنەی ٢٦هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاورێیانی کاک فەتاح عەبدولی، کاک همایون ئەردەڵان و نووری دهکوردی، کە لە شاری بێرلین بە دەست تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

لەم ڕێورەسمەدا کە بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان،  لایەنگران ، دۆستانی حیزب؛ هەروەها نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسەیەکانی کورد و ئێرانی  بەڕێوە چوو. " شاهۆ حوسێنی"  نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات لە سەرەتادا بەخێر هاتنی بەشدار بوانی  بە زمانەکانی کوردی و فارسی  کرد.

نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات باسی لە کەسایەتی دکتور سادق شەرەفکەندی کرد و گوتی نە تەنیا  لە بواری زانایی و لێهاتویی کەسایەتیکەی دەگمەن بوو بەڵکو توانی حیزب لە بڕگەیەکی دژوار و ئەستەمدا ڕێبەری بکا و بیداتە دەست نەسلێکی نوێ هەتا درێژە بە خەبات بدا.

لە درێژەی باسکەدا حوسێنی ئاماژەی بە بۆردمانی ڕۆژی ١٧ خەرمانانی هێزەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرد کە تێدا بە دەیان کەس لە کادری ڕێبەری و پێشمەرگە و ژن و منداڵ تێدا شەهید و بریندار بوون.

لەم باسەدا نوێنەری حیزب گوتی؛ هەرچەند ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە زامێکی گەورەی لە سەر جەستەی حیزبی دێموکرات دانا و دوژمنانی گەلی کورد و کۆماری ئیسلامی لایان وابوو کە بەو هێرشە دڕندانەیە بزووتنەوەی ڕزگار خوازیی لە کوردستانی ئێران لاواز دەکەن یان لە ناوی دەبەن بەڵام بە پێچەوانەی ئەم خەیاڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەڵکی بە شەرەفی کورد و کۆمەڵانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانگرتنێکی بەربەرین و یەکدەست نیشانیاندا کە پەیوەندی نێوان هێزە کوردیە شۆڕشگێڕەکان لەوە قایمتر و پتەوترە کە بە هێرشێکی مووشەکی لە ناوبچێ یان تەنانەت لاواز بێ بەلکو بە هێزتریش بووە.

حوسێنی لە کۆتاییدا سپاسی لە بەشداربووان کرد و هەمان وتاری بە زمانی فارسیش بۆ بە شدار بووان پێشکەش کرد و لە کۆتایدا،  بەشدار بووانی ڕێوڕەسمەکە سەردانی مەزاری شەهیدانی ڤییەن، دوکتور قاسملوو و کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەریشیان کردو تاجە گولێنەی ڕێز و نەوازشیان لە سەر دانا.