کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎بەڕێوەچوونی كۆڕیادی ٢٧ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میكۆنۆس لە وڵاتی دانمارک

12:17 - 1 رەزبەر 2719

کوردستانی میدیا: بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفكەندی" و هاوڕێیانی، لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە لە وڵاتی دانمارک و بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، کۆڕیادێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خەرمانان، كۆڕیادێک بە بۆنەی ٢٧ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتورسادق شەرەفكەندی و هاوڕێیانی، لە لایەن كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لە وڵاتی دانمارک، بە كوڕگێڕیی ''دارا ناتق''، جێگری دەزگای ڕێكخستنی گشتیی حیزب، بەڕێوەچوو .

‎ئەم كۆڕیادە بە بەشداریی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک و ئامادەبوونی نوێنەری هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان و بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد .

‎دواتر "دارا ناتق"، باسێكی سەبارەت بە ڕۆڵی دوکتورشەرەفكەندی لە بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەتایبەتی و هەروەها ئاكامی دادگای میكۆنۆس و تێرۆریزمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دۆخی قەیراناویی ڕێژیم لە قوناغی ئێستادا بۆ ئامادەبووان شیكردەوە .

‎"ناتق" لە سەرەتای قسەكانیدا وتی: "خەباتی نەتەوەیی كورد مەودایەكی زۆر و ماوەیەكی درێژی تێپەڕ كردووە. خوێنێكی زۆری لەبەر ڕۆیشتووە و قوربانییەكی زۆری داوە. لە كوردستانی ڕۆژهەڵات بەشی حیزبی ئێمە لەو ماوەیە و لەو مەودایە و لەو خوێن لەبەر ڕۆیشتنەدا، زۆر و بەرچاو بووە، هەموو شەهیدانی ئێمە قوربانییانی ڕێگای ڕزگاری و وەدیهێنانی هیوا و ئاواتەكانی نەتەوەكەمان بوون. لە سەرووی هەموویانەوە سەروەرانی شەهیدمان پێشەوا قازی محەممەد، دوكتور قاسملوو و دوکتورشەرەفكەندی".

‎ناوبراو باسی لەوە کرد: "ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە تاكوو ڕێز بگرین لە خەبات و تێكۆشانی ڕێبەری ناودار و بلیمەتی نەتەوەكەمان دوکتورشەرەفكەندی و هاوڕێیانی، كە ٢٧ ساڵ لەمەو پێش لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، بەرامبەر بە  ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینیدا، بە دەستی تیمێكی تێرۆری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێرۆر و شەهید كران. ڕۆژێک کە دوكتور "سادق شەرەفكەندی"، سكرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێیانی، کاک "فەتاح عەبدولی"، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک "هومایون ئەردەڵان"، نوێنەری حیزب لە ئاڵمان و کاک "نووری دێهكوردی"، چالاکی سیاسیی ناسراوی ئۆپۆزسیۆن، لە بێرلینی ئاڵمان پاش بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئەنترناسیوناڵی سوسیالیست، بۆ چاوپێکەوتن و بیروڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لە ڕێستورانی "میکۆنۆس" کۆ ببوونەوە و لەوێ کەوتنە بەر پەلاماری هێرشی تێرۆریستەکانی ڕێژیم".

‎ناوبراو هەروەها لە بەشێک لە وتەكانیدا ئاماژەی بە ژیان و بەسەرهاتی دوکتور شەرەفكەندی لە ڕەوتی خەباتدا كرد و وتی: ''هەرچەند شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، خەسارێکی گەورە و برینێکی قووڵ بوو بۆ جەستەی حیزبی دێموکرات و بزاڤی گەلی کورد بە تایبەتی، دوکتور شەرەفکەندی ئەو ڕێبەرە لێهاتوو و تێكۆشەرەی نەتەوەكەمان بوو کە ڕێگای نەدا، پاش کۆستی لەدەستدانی قاسملووی مەزن، شۆڕش تووشی هەرەس و هەڵوەرین بێت و ئاڵای ڕزگاریخوازیی حیزب بكەوێتە عەرز. سەرەڕای دەیان پیلانی دوژمنان و ناحەزان، هێشتا حیزبی دێموکرات وەک جاران پێگەی خۆی پاراستووە و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێگەی هیوای ئازادیخوازانە، کە ئەمەش لە باوەڕمەندیی ئەو حیزبە و سیاسەتە سەرەکییەکانی و قارەمانێتیی پێشمەرگەوە سەرچاوە دەگرێت".

‎"ناتق" هەروەها لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بە دادگای میكۆنۆس كرد و وتی:" دادگای بێرلین لە ڕێكه‌وتی‌٢١ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ ١٣٧٦ی هەتاوی، حوکمی خۆی سەبارەت بە تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی ڕاگەیاند. لەو حوکمەدا، دادگای سەربەخۆی ئاڵمان، بە ڕاشکاوی ڕێبەرانی ڕێژیمی لە بەرزترین ئاستدا بە پلانداڕێژەر و بەڕێوەبەری ئەو تێرۆرە سامناکە ناساند و تێرۆریستەکانی بە زیندانی درێژماوە مەحکووم کرد".

‎ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کرد: "ڕێژیم ئێستا لە بارودۆخێکی سەخت و نالەباردایە و خەباتی نەتەوەكەمان و گەلانی ئازادیخوازی ئێران و حیزبی دێموكراتیش لە بارودۆخێکی لەباردایە، هەر بۆیە پێویستە بە بەرفراوانترکردنی كار و چالاكییەكانمان و تێكۆشانی بەردەوامی ئەندامانی حیزب، لە دەرفەت و ئەو ئاڵوگۆڕانەی كە دێنە پێش بە قازانجی خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیمان كەڵک وەربگرین".

‎"دارا ناتق" لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ڕاسان و ستراتیژیی لێكگرێدانی خەباتی شار و شاخ، هەوڵ و تێكۆشانی كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و پشتیوانیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە بزاڤی ڕاسان و سیاسەتی ڕاست و دروستی حیزبی دێموكرات، گوڕ و تینێكی نوێی دایە خەباتی نەتەوەییمان و یەكگرتوویی و هاوخەباتییەكی نەتەوەیی لە ئاستی خۆرهەڵاتی كوردستاندا پێک هێنا".