کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکارهێنانی دەرمان و ماددە شیمیایییەکان هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات

12:58 - 8 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا:  کارناسانی وەرزێڕی لە کوردستان بە نیسبەت بەکارهێنانی دەرمان و کوودە شیمیایییەکانی لە بەشی وەرزێڕیدا هۆشداریان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەن، ژمارەیەک  لە کارناسانی وەرزێڕی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە نیسبەت بەکارهێنانی کوود و دەرمانە شیمیایییەکانی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا هۆشداریان داوە.

بە وتەی ئەو کارناسانە به هۆی ئەوەی کە وەرزێڕان بێ بەرنامە و زیاتر لە ڕێژەی ستانداراد کەڵک لە دەرمانەکان وەردەگرن، میوە، سەوزه و سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەرمانە شیمیایییەکانی تێدا دەمێنێتەوە کە ئەوەش دەبێتە هۆی نەخۆشی لە لەشی مرۆڤدا.

ئەو کارناسانە باسیان لەوە کردووە، بەشی زیاتری میوەکان به هۆی کەڵکوەرگرتن لە دەرمانەکان، جۆرێک ماددەی شیمیایی بە ناوی "نیترات"ـی تێیدا دەمێنێتەوە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە.

هەروەها بەکارهینانی کوودی "فۆسفات" ماددەیەک بە ناوی "کادمیۆم" دروست دەکات و جیا لەوەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، ئاسەواری خراپی وەک کورتەباڵایی منداڵان و نەخۆشیی گورچیلەی لێ دەکەوێتەوە.

لەو بارەوە هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا،  بە ناوی "پێشەوا ٢٤" پێشتر لە چەند بابەتی تێروتەسەلدا کە لە ڕۆژنامەی "کوردستان" بڵاو کرایەوە باسی لەو کێشەیە کردبوو.

"پێشەوا ٢٤" باسی لەوە کردبووە کە ماوەیەکە هاووڵاتییانی کوردستان بەتایبەت لە چەند شاری وەک مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سەردەشت و نەغەدە تووشی حاڵەتی نائاسایی و نەخۆشینی نامۆ دەبن کە تەنانەت پزیشکان و پسپۆڕانیش تێڕاماون.

ناوبراو باسی لەوە کردبوو، نەخۆشکەوتنی چەند کەس لە نەخۆشخانە بە هۆی دەرمانی کشتوکاڵیی ماوەبەسەرچوو هۆكارى نەخۆشکەوتنی ئەو چەند هاووڵاتییە کوردە بووه کە دوای بەدواداچوونی هۆكاری ئەو نەخۆشکەوتنە پزيشكان ڕایانگەیاند، کە جووتیاران کەڵکیان له سەممی شيميايى وەرگرتووە و ئەو دەرمانانە هيچ كوالێتيیەكيان نەبووه و ماوەیان بەسەر چووه.

"پێشەوا ٢٤" باسی لەوە کردبوو، یەکێک لە بەرپرسانی "جهادى كشاورزى" رێژیم ڕایگەیاندووە، كه هيچ ئازمايشگا يان فيلتەرێک بۆ چاودێری و لێكۆڵينەوه لەو جۆره دەرمانانەی كه له شارەکانی مەهاباد و بۆكاندا لە لايەن جوتياران بەكار دێ، نییە. ئەوەش کێشەیەکی زۆری بۆ جوتیارانی كەمداهات دروست کردووە. "پێشەوا ٢٤" لە وتووێژ لەگەڵ موهەنديسێكى ناسراو لەو بوارەدا كه له بنكەى جهادى كشاورزى" گوندی "گ"، سەر به شارى مەهاباد کار دەکات، باسی لەوە کردبوو: "گەمارۆی ناردنى فۆرموڵ و ماددەى پێشكەوتووى بەرهەمی دەرمان کاریگەریی لە سەر ڕێژیمی ئێران داناوە و ڕێژيميش بۆ شاردنەوەى ئەو کەموکوڕییە دەستى كردووه به سازكردنى بێ مۆڵەت و ناتەندروست و ناتەنكنيكى ئەو جۆره مادده شيميايانه و هەروەها لەبەر بەرزبوونەوەى نرخى ئەو دەرمانانەن لەنێو بازاڕ له وڵاتى توركيەوه لە لايەن سپاى پاسدارانەوه به شێوەيەكى قاچاغ و ناڕوون هاوردە دەكرێ و تەزريقى بازاڕى بێفيلتێر و بێلێكۆڵينەوه دەكرێ. هەروەها سەرۆکی نەخۆشخانە شاری مەهاباد ڕایگەیاندووە: ئێمە لە سەر ئەو بابەته چەندين جار هۆشداریی توندمان داوەته ناوەنده پێوەندیداركان، بەڵام نەتەنيا وەڵامێكان نەبووه بەڵكوو هەڕەشەشمان لێكراوه كه ئەو بابەتە زۆر كێش نەدەین. بەداخەوه دوژمنێكى يەكجار زۆر بەهێز و پوشتە به چەکى نامۆ و ناديار و پێشكەوتوو هاتۆته سەر سفرەى ماڵەكانمان تەنانەت تا نەمانكوژێ به خۆشمان نازانين كە پرسەكه زۆر زۆر گرینگه و گەیشتووەتە حاڵەتى هۆشدارەییەوە، بەڵام بەردەوام داواى پەردەپۆش كردنيان لێ دەكرێ.