کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی ڕێژیم بێڕێزی بە ڕێبەرانی نەتەوەی کورد دەکەن

12:25 - 17 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە هەموو ڕێگایەکی بۆ بەچۆکداهێنانی نەتەوەی کورد ئەنجام داوە و سەرکەوتوو نەبووە، ئەمجارەش لە کردەوەیەکی قێزەوندا دەستی داوەتە بێڕیزیکردن بە ڕێبەرانی نەتەوەی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی، ١٥ی خەرمانان، جاش و بەکرێگیراوانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، پێش لە دەسپێکردنی نوێژی هەینی لە گوندی "حەسەن نوورانـ"ـی شاری شنۆ، بەنێرێکی نەخشێندراو بە وێنەی شەهیدی نەمری گەلەکەمان، دوکتور قاسملوو دەبەنە نێو مزگەوتەکەوە کە لە ژێرەوەی وێنەکە، ئەم ڕێبەرە بلیمەتەی گەلی کوردیان بە تێرۆریست ناساندووە.

مامۆستا "یووسف"، مامۆستای ئایینیی گوندی حەسەن نووران لە کاردانەوە بەم کردەوەیە، لە جاش و پاسدارەکان تووڕە دەبێت و خەڵکی گوندەکەش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین مزگەوتەکە بەجێ دەهێڵن.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی بە تێرۆریست ناساندنی خۆیان لە جیهاندا، هەر جار بە شێوازێک دەست بە بێڕێزیکردن بە نەتەوەی کورد و پیرۆزییەکانی دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لە هیچ کردەوەیەکی قێزەون خۆنابوێرن.

پێشتریش لە پێشانگایەکی کتێبدا لە شاری تاران، هەوڵیان دابوو کە بە دانانی وێنەی دوکتور قاسملوو و بە تێرۆریست ناوبردنی ئەم ڕێبەرە بلیمەتە، خەباتی ڕەوای گەلی کورد بە لاڕێدا ببەن کە وەک هەمیشە نەیانتوانی بە ئامانجە گڵاوەکەی خۆیان بگەن.