کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دەفتەری سیاسی سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەندامانی موجاهیدین

02:28 - 9 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەمپی ئەندامانی موجاهیدینی خەڵک، کۆماری ئیسلامی بە بڕیاردەری ئەو هێرشە بە ڕای گشتی دەناسێنێ.

دەقی بەیاننامەکە:

ڕۆژی پێنج شەممە ٧ی خەزەڵوەر، بە مووشەک هێرش کرایە سەر ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک لە کەمپی لیبێرتی لە نزیک بەغدا و لە ئاکامی ئەو مووشەک بارانەدا بە پێی ڕاگەیەندراوی موجاهیدین، ٢٣ کەسیان لێ کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون کە حاڵی هەندێک لە بریندارەکان خراپە.

هەر لە یەکەم کاتەکانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەمپی لیبێرتی، بیر و گومانەکان بۆ لای کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی دەچوو کە هەنگاوی لەو بابەتە تیرۆریستی و بۆمباران و مووشەک بارانکردنی خەڵکی بێ‏دیفاع تەنیا لە کۆماری ئیسلامی و بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهی دەوەشێتەوە. بەتایبەت لەو بارەوە جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ئەمە یەکەم جار نیە کە کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی موجاهیدین و پێشتر چەندین جار لە کەمپی ئەشەرف هێرشی دڕندانەیان کردنە سەر و دوای گواستنەوەشیان بۆ کەمپی لیبێرتی، بە خومپارە و مووشەک هێرشیان کردە سەریان و ئەم جارەش بە هەمان شێواز و هەڵسوکەوتی دیار، کەمپی لیبێرتی درایە بەر مووشەک باران.

ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، گرووپێکی بەناو ئەرتەشی موختار، کە دیار و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانەکەی ئەو جۆرە گرووپانە بۆ مەبەستی لەم شێوەیە پێک دێنێ، بەرپرسایەتیی مووشەک بارانەکەی گرتە ئەستۆ.

ئەوەی ڕوون و دیار و حاشاهەڵنەگرە، هەر گرووپێک و بە هەر ناوێکەوە ئەو کارەی کردبێ، کردەوەیەکی دزێو و دژە مرۆییە کە جگە لە تاوانی دژی ئینسانی و تاوانی شەڕ، هیچ ناوێکی دیکەی نابێ و هەروەها بە ڕوونی دیارە کە هەر گروپێک کە ئەنجامی دابێ، بە فەرمانی سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو تاوانە دژە مرۆییەی ئەنجام داوە.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو کردەوە تیرۆریستی و تاوانبارانەی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین و داواکارین لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بە تایبەت دەوڵەتی ئامریکا کە بەرامبەر بە پاراستنی گیان و ئاسایشی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کە لە وڵاتی عێراقدا حوزووریان هەیە کەمتەرخەم نەبن، چوونکە کۆماری ئیسلامی لە دەرفەتی فەزای سازان لەگەڵ ڕۆژئاوا و شلەژاویی ناوچە، بۆ بەڕێوەبردنی پیلانە دزێوەکانی کەڵک وەردەگرێ.

وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوانی ئەو کردەوە تاوانبارانەیە و هاوخەمی لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک، دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە پشتی هەموو ئەو جۆرە تاوان و پیلانانە و ئاژاوەگێڕێیانە لە ناوچە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکەین و داواکارین لە هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، کە لەم جۆرە قۆناغانەدا بێدەنگ نەبن، چوونکە لە فەزای بێدەنگیدا، سوپای تیرۆریستی پاسدارانی ئیسلامی، پیلان بۆ هێرش بۆ سەر کەسانی دیکەش دادەڕێژن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٨/٨/١٣٩٤
٣٠/١٠/٢٠١٥