کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، سەبارەت به پەرەگرتنی زیاتری ئیعدامی زیندانییانی سیاسی

19:39 - 5 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پەرەگرتنی زیاتری ئیعدامی زیندانییانی سیاسی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.


دەقی بەیاننامەیەکە بەم چەشنەیە:


گەلانی ئازادیخوازی ئێران!
کۆمەڵانی خەڵکی مافخوازی کوردستان!
کۆڕ‌ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
بەپێی ئەو راگەیاندن و بڵاوکراوانەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک زیندانیی سیاسی لە رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران لەلایەن ئەو رێژیمەوە ئیعدام کراون، \'\'رەزا ئیسماعیلی\'\' و \'\'حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور\'\' زیندانییانی سیاسیی کورد لە شارەکانی سەلماس ورمێ‌ و هەروەها ١٦ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی بلوچ لە شاری \'\'زاهیدان\'\'ی پارێزگای سیستان و بلووچستان لە ریزی ئەو ئیعدام کراوانە دان.
ئیعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییانە لە کاتێک دایە کەلە رەوتێکی عادڵانە ‌و لە پرۆسەیەکی قەزایی واقعی و لە چوارچێوەی یاساکانی مافی مرۆڤدا لێپرسێنەوەیان لێی نەکراوە.
رەوتی ئیعدام لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە هەڵومەرجێکدا پەرەگرتنی زیاتر بە خۆوە دەبینێ‌کە بە هاتنەسەرکاری حەسەن رووحانی وەک سەرکۆمار هێندی کەس و لایەن ئەوەیش لەسەر بەڵێنییە تەبلیغاتییەکانی ناوبراو خەونی دوورکەوتنەوی رێژیمیان لە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ، سرنجدان بە مافی نەتەوە ستەم لێکراوەکانی ئێرانی و باش بوونی وەزعی ژیان و گوزەرانیان دەدیت و بانگەشەیان بۆ بەلاڕێیدا بردنی بیروڕای گشتی و هاتنەسەرکاری رووحانی دەکرد.
هەرچەند شەپۆلی ئیعدام و پەرەگرتنی زیاتری لە جێ‌دا ناڕەوا ‌و مەحکوومە، بەو حاڵەش جێگای سرنجە کە دەزگای قەزایی وڵاتێک کە دەبێ بەرێوەبەری یاسا بێ بە رووهەڵماڵاوی ‌و راشکاوی بگەیەنێ‌کە بە تۆڵەی کوژرانی چەند چەکداری سەربە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە تێکهڵچونێکی چەکدارانەدا، شازدە زیندانی کە چەند ساڵە لە بەردەستی خۆی و لە زیندانی خۆی دان ئیعدام دەکا. کردەوەیەک کە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی و دەزگای قەزایەکەی لە هیچ وڵات و دەسەڵاتێک ناوەشێتەوە و ئەوەش دیاریی سەرکۆمارێکە کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو نیزامی نییە و یاساناس و یاسازانە.
بەراستی ئەوانەی بانگەشەی چەواشەکارانەیان بۆ ئاڵوگۆڕ بە دەستی رووحانی دەکرد دەبێ چ قسەیان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و بۆ بیروڕای گشتی هەبێ و ئەو کردەوە دژی مرۆڤانەیە چۆن پاسا‌و بدەن.
دیارە شەپۆلی ئیعدام و رەوتی پەرەگرتنی، خەڵکی ئێرانی بەگشتی گرتەوە و لەو بارەوە لە راپورتی ئەحمەد شەهید دیاری کراوی تایبەتیی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران نیگەرانیی دەربڕاوە، بەپێی ئامارەکانی بەردەست لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ٥٣٧ کەس لە ئێران ئیعدام کراون کەلە چاو ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچا‌و زیادی کردووە.
سیاسەت ‌و کرداری دژەمرۆیی کۆماری ئێسلامی هەر بە ئیعدامی زیندانییانی سیاسی لە کوردستان بەرتەسک نابێتەوە و لە شێوەی دیکەشدا رۆڵەکانی کورد قوربانی دەکا هەروەک چەند رۆژ لەوە پێش بوو کە چەند مێرمنداڵی کورد لە مەریوان بوونە قوربانیی مینی چاندراوی رێژیم ‌و گرنگی نەدان بە هەڵگرتنەوەیان کە رۆژانە لە رۆڵەکانی کورد قوربانی دەکا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی ئیعدامی زیندانیاینی سیاسی، نیگەرانی لە پەرەگرتنی دەردەبڕێ ‌و هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەکانیان رادەگەیەنێ، هەروەها داوا لە بیروڕای گشتی و کۆمەڵگای جیهانی و کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆستەکان دەکا کە بە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەو هەمووە ئیعدامە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ کۆماری ئیسلامی لەپێناو راگرتنی ئەو رەوتە، هەوڵی خۆیان وەگەڕ بخەن و لەپێناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و دژ بە جینایەت و کوشتار هەنگاو هەڵبگرن بەتایبەت کە هەر ئێستا مەترسی لەسەر گیانی کۆمەڵێک زیندانی سیاسی لە رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێرانی بەتایبەت مافخوازانی کورد لەئارا دایە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی
٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣ی زایینی