کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە سەبارەت بە کۆبانێ

18:37 - 16 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دۆخی نالەباری کۆبانێ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ئێران!
هەروەك ئاگادارن لە ماوەی رابردوودا تیرۆریستانی گرووپی ناسراو بە داعش هێرشێكی بەربڵاویان بۆ سەر شاری كۆبانێ‌دەست پێ‌كرد ‌و لە ئاكامی ئەو هێرشەدا دەیان هەزار كەس لە ترسی كۆمكوژی تیرۆریستان ئاوارە بوون ‌و ئێستا لە دۆخێكی ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن‌ و لە لایەكی دیكەوە لاوانی تێكۆشەر ‌و هێزە خەباتگێڕەكانی نیشتەجێ‌لە كۆبانی لە بەرانبەر ئەم هێڕشە دڕندانەیە دەستیان داوەتە بەرگرییەكی ئازایانە‌و لە شەڕێكی نابەرانبەر دا بە كەمترین ئیمكانات دیفاع لە بەشێك لە خاک ‌و خەڵكی كوردستان دەكەن .

هاوكات لەگەڵ ئەوەی داوامان لە كۆمەڵگای جیهانی ئەوەیە كە بە خێرای بە هانای خەڵكی كۆبانێ‌وە بچن‌و هەر لەو پێوەندییەشدا داوا لە ئێوە خەڵكی ماف‌ویست ‌و مافخوازی كوردستان دەكەین هەروەك لە رابردودا یار ‌و یارمەتێدەری بەشەكانی كوردستان بوون لە كاتی لێقەوماندا، ئەمجارەش بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی لە رێگای گونجاو ناڕەزایەتی خۆتان بەرامبەر بەو سەركوتە دەرببڕن ‌و پشتیوانی لە داخوازی خەڵكی كۆبانێ‌بكەن.

هاوكات پێویستە كوردانی تاراوگە بە ئەركی نەتەوەیی ‌و نیشتمانی خۆیان هەڵسن ‌و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوازی جۆراوجۆر‌و لەگەڵ دەربڕینی هاوپشتی خۆیان لە هەمانكاتدا پشتیوانیی كۆمەڵگای نێونەتەوەیش بۆ خەڵكی بێ‌تاوانی كۆبانێ‌دەستەبەر بكەن.

لەم پێوەندییەدا نابێ‌لە بیر بكەن كە رێژیمی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش نیە ‌و ساڵانێكی زۆرە كە خەڵكی كوردستان سەركوت دەكا ‌و لەم قۆناغەدا دەیهەوێ‌بیر‌وڕای خەڵكی چەواشە بكە‌و وا بنوێنێ‌كە دۆستی كورد ‌و دوژمنی تیرۆریستانی داعشە لە كاتێكدا درووست بوونی ئەم دۆخە بە هۆی دەستێوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی لە سوریە ‌و پشتیوانی كردنی لە رێژیمی ئەسەد ‌و تیرۆریستانی دیكە لە ناوچەكەدا بوو، بۆیە دەبێ‌ كۆماری ئیسلامیش هەروەک گرووپی داعش ‌و تیرۆریستانی دیكە مەحكووم بكرێ‌.

سەركەوتن بۆ گەلەكەمان ‌و نەمان بۆ تیرۆریستان ‌و تیرۆریستپەروەران

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی