کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"تاقی گەرا" لە بەرەبەری لەنێوچووندایه

13:13 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: میراتی مێژوویی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر سێبەری دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرەبەری لەنێوچووندایە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "تاقی گەرا"ی پارێزگای کرماشان، کە یەکێک لە ئاسەوارە مێژوویییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، به هۆی سیاسەتی سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە و ئەگەری هەیە ئەو ئاسەوارە به نرخه بە گشتی بسڕێتەوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان، هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ کاروباری پێوەندیدار بە خۆیەوە نیە و هەر بۆیە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو پارێزگایەی کوردستانی ڕۆژهەڵاته، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.

ئاسەوارە مێژووییە بەناوبانگەکانی وەک "تاقوەسان، پەرەستگەی ئاناهیتا"ـش لە پارێزگای کرماشان پشتگوێ خراون.

"تاقی گەرا" لە نێوان شارەکانی کرند و سەرپێڵی‌زەهاو هەڵکەوتووە و ڕێگای چوون بۆ ئەو شوێنە بە هۆی ئەوەیکە هەندێک گاشهبەردی گەورەی کێوەکە داڕماوەتە سەر جاددەکە، دژوار بووە.

"تاقی گەرا"، بەردێکی گەورەیە بە شکڵی لاکێش (مستطیل)؛ کە بەڵگە مێژوویییەکان دەرخەری ئەوەن ئەو ئاسەوارە بۆ سەردەمی ساسانیان دەگەڕێتەوە.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.

سیاسەتی پشتگوێخستنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بارەی ئاسەوارە مێژوویییەکان وای كردووە، كە ڕەوتی لەنێوچوونی میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی ئێران و بەتایبەت کوردستان خێرایییەكی زۆری بە خۆوە گرتووە.