کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تانکرەکانی مەرگ لە کوردستان، بەردەوام گیانی هاووڵاتییانی دەستێنن

17:16 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هەبوونی تانکرە بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان لە شارەکانی کوردستاندا، بە بەردەوامی هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکەن.

شەوی ڕابردوو، ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەکی شەو، لە ملەی سەڵواتاوای شاری سنە، پێکدادانێکی قورس لە نێوان تانکرێکی بارهەڵگری ماددەی کیمیایی و ترەیلییەکی تایبەت بە گواستنەوەی ئوتومبێل هاتە ئاراوە، کە پاش ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر، یەک کەس گیانی لە دەست دا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەموو ساڵێک لە ملەی سەڵواتاوای سنەدا کە یەکێک لە شوێنە مەترسیدارەکانی سنەیە، ڕووداوگەلێکی لەم چەشنە ڕوو دەدەن، کە بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتیان.

هەبوونی تانکێرە بارهەڵگرەکان و گواستنەوەی ماددەی سووتەمەنی و کیمیایی لە ڕێگاکانی کوردستاندا، تاکوو ئێستا گیانی زۆربەی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە؛ پێشتر بەربوونەوەی تانکرەکان بۆ نێو بەنداوی قشلاخی سنە بووە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ئەم شارە. نوێترین حاڵەتێک کە لەم بارەوە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ، پێکدادانی کامیۆنی بارهەڵگری سووتەمەنی و ئۆتووبووسێکی موسافربەریی لە شاری سنە بوو، که بەداخەوە گیان لەدەستدانی ١٥ کەس و برینداربوونی چەند کەسی دیکەشی لێ کەوتەوە.

خەڵکی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر کەمتەرخەمیی ڕێژیم لە هەمبەر جیا نەکردنەوەی شوێنی هاتووچۆی تانکرە بارهەڵگرەکان و ئوتومبێلەکانی دیکەیان مەحکووم کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەشتەگی تانکرەکانی مەرگیان بە کار هێنا، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم تاکوو ئێستا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هیچ هەنگاوێکیان هەڵ نەهێناوە.