کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانی چالاکێکی خوێندکاری پاش سێ مانگ دەستبەسەری دیاری کرا

23:16 - 17 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: ئەفسانە بایەزیدی چالاکی خوێندکاریی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، پاش سێ مانگ لە دەستبەسەرکردنی، هێشتا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ‌ ڕاگیراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژ، ئەفسانە بایەزیدی پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستبەسەر کردنی، چارەنووسی ڕوون کراوەتەوە.

ئەفسانە لە لایەن بەرپرسانی ئەمنیەتیی ورمێ‌وە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران زیندانی کراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ڕێگای تەلەفوونەوە بنەماڵەی ئەفسانەیان ئاگادار کردۆتەوە کە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن. شایانی باسە کە تەنیا دایکی ئیزنی چاوپێکەوتنی لە گەڵ کچەکەی پێدراوە.

ئەو چاوپێکەوتنەوە تەنیا ١٥ خوڵک درێژەی هەبووە و بەرپرسانی ئەمنیەتی هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەفسانەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ناو بردووە.

هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ڕژانە ماڵی ئەفسانە بایەزیدی و دەستبەسەریان کرد. لەو پێوەندییەدا پاش پشکنینی ماڵی ئەو چالاکە خوێندکارییە، هێندێک کەرەسە و کەلوپەلی شەخسی ئەفسانەیان لەگەڵ خویان بردووە.

ناوبراو پێشتر لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی‌دا، لە کاتی ڕەخنە گرتن سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵبژاردن لە ئێران لەنێو کۆڕێکی خوێندکاری‌دا ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.