کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ دووبارە هەڕەشەی لە وڵاتانی کڕیارانی نەوتی ئێران کرد

10:44 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا جەختی کردەوە کە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران ئاگادار بن مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەکەن.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا لە لێداونێکدا باسی لەوە کردووە، ئەو وڵاتانەی کە درێژه بە کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران دەدەن ئاگادار بن و ئێمە کڕیانی نەوتی ئەو ڕێژیمە دەخەینە ژێر چاودێرێیەوە.

دوو وڵاتی چین و هیند بڕیاریان داوە کە درێژە بە کڕینی نەوتی ئێران بدەن که ئامریکا بە جیددی هەڕەشەی لێکردوون که ئێمە دژی ئەو بڕیاره دەوێستینەوه.

پێشتریش ئامریکا هەڕەشەی لە کڕیارانی نەوتی ڕێژیمی ئێران و ڕێکەوتێکی بۆ کۆتاییهێنان بە کڕینی نەوت له ڕێژیمی ئێرانی دیاری کردبوو و ڕایگەیاندبوو، کە هەر وڵاتێک نەوتی ڕێژیمی ئێران بکڕێت، ڕووبەڕووی سزای ئامریکا دەبێتەوە. 

بەپێی ئەو بڕیارەی ئامریکا هیچ وڵاتێک جیاوازی بۆ دانانرێت و نابێ هیچ وڵات و لایەنێک لە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەولاوە نەوت لە ڕێژیمی ئێران بکڕێت.

دانڵد ترامپ ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ چوار ڕۆژ پێش وادەکەی لە ڕێککەوتنی ناوکیی (بەرجام) کشایەوە و سەرەڕای کشانەوەی لەو ڕێککەوتننامەیە، گەمارۆوە ئابوورییەکانیشی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران زیاد کرد و بڕیاریشی دا پیشەی نەوت و هەناردەکردنیشی بخاتە نێو گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

 جیا لە کەرتی ئابووری، گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کەسایەتییە سەربازی، ئەمنییەتییەکان و بەتایبەت ئەو کەس و کۆمپانیایانەی ئێران و سپای پاسدارانیش دەگرێتەوە، کە هاوکاریی گرووپەکانی حیزبوڵڵا و حەماس دەکەن.

داهاتی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە نەوت دابین دەکرێت و ئابووریی ئەو وڵاتە پشتی بە نەوت بەستووە، بەڵام لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ئەو ڕێژیمە ئێستە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمان دەڕوات.