کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ڕێژیمی ئێرانمان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە

11:16 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە سەفەرێکی ڕانەگەیەندراویدا بۆ عێراق، سەربازە ئامریکایییەکانی لەم وڵاتە بەسەر کردەوە و هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە هۆشداری لە بوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بەفرانبار، سەرکۆماری ئامریکا، سەردانی هێزە سەربازییەکانی لە وڵاتی عێراقدا کرد و لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا بە مەبەستی پێشگرتن لە یاخیبوونی داعش و سپای پاسداران و لە داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، هێزەکانمان لە عێراق دەمێننەوە، هەتا ڕێ لە دووبارە دروستبوونەوەی داعش بگرن و ڕێژیمی ئێران لە ژێر چاودێرماندا بێت".

بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە هاوکات وەزیری بەرگریشە، لە نێو کۆمەڵێک لە فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی بەفرانبار، جارێکی دیکە جەختی لە ئەنجامدانی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە ئیزن نادەین کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا سەنگەر بگرێت".

بنیامین نێتانیاهوو لە درێژەدا وتی: "بە شێوەیەکی بەهێز و هێرشبەرانە، چالاکی ئەنجام دەدەین و ئەم ڕۆژانەش خەریکی ئەنجامدانی ئەم چالاکیانەین".

نێتانیاهوو چەند کاتژمێرێک دوای ئەنجامدانی هێرشی سپای ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریە، ئەم لێدوانەی دا؛ حەوتوونامەی ئامریکایی "نیوزویک"، لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئامریکاوە لە بارەی ئەم هێرشەی ئەرتەشی ئیسرائیل نووسیی: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە، کەسانی پلە باڵای حیزبوڵڵا بووە، کە ویستوویە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی "مەحموود هاشمی شاهرودیـ"ـدا بەشداری بکات".

ئەمە یەکەمجار نییە، بنیامین نێتانیاهوو هەڕەشەی لەم چەشنە دەکات و پێشتریش هۆشداری دابوو، کە بوونی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکەی قەبووڵ ناکەن و دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە سووریە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە.