کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدیی کرماشان دەکرێته فیلم و وێنە

12:49 - 19 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران بەجیگای خزمەتگوزاریی و چارەسەریی کێشەی خەڵکی کرماشان، پێشانگای وێنەی بوومەلەرزە بەڕێوە دەبەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری سەرپەرەستی ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی شارەدایی کرماشان بڵاویان کردووەتەوە، ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، پێشانگای وێنەی بوومەلەرزە له نیگارخانەی شاری کرماشان بۆ ماوەی یەک حەتوو بەڕێوە دەبەن.

بە وتەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، لەو پێشانگایەدا وێنەی وێنەگرانی ناودار پیشان دەدرێت و ئەو پیشانگایە لەژێر ناوی "دەبێ خۆڕاگر بین و دەبێ قایم دروست بکەین" بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەچوونی ئەو پیشانگایە، لە کاتێکدایە کە خەڵکی پارێزگای کرماشان لە دژاورترین دۆخی ژیاندا، دەژین و خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاستی سفر دایە.

کار و کردەوەی لەم چەشنەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، گاڵتەجارێکە بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان کە نوقمی کێشە و گرفتن.

چەند ڕۆژ پێش "فەرهاد تەجری" بەناو نوێنەری خەڵکی شارەکانی ، قەسرشیرین، سەرپێڵ زەها و گێڵانغەرب لە مەجلیسی ڕێژیمدا دانی بەوە دانا کە لە لایەک بەرزبوونەوەی کەرەستەی ساختومانی و لە لایەکی دیکەشەوە کەمتەرخەمیی بەرپرسان وای کردووە، ڕەوتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بە گشتی ڕابگیردرێت.

 مانگی خەرمانی ئەمساڵ  "موجتەبا جاسمی" سەرۆکی شۆرای شاری سەرپێل و زەهاو گوتی: "خەڵکێک کە ئامادە بێت گورچیلەکانی خۆی بفرۆشێت هەتا خانووبەرە دروست بکەن، ئازارێکی گەورەیە. بومەلەرزە یەک لە دوای یەکەکان ڕۆح و دەروونی خەڵکی تێک داوە. بڕیار بوو یارمەتی خەڵک بدرێت بەڵام هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نەدرا"

لەدوای ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەتا ئێستا کێشەی ئەو خەڵکە چارەسەر نەکراوە.

دوای نزیک بە یەک ساڵ لە ڕوودانی بوومەلەرەزەی کرماشان، شارە بوومەلەرزە لێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵک هێشتا لە نێو چادر وکانێکسدا دەژین.