کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدیی کۆڵبەران لە کوردستان درێژەی هەیە

16:37 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراوەکانەوە لاقێکی لە دەست دا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو لە سەر ڕێگای گوندی "دەستاڕە" کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار بە سەختی بریندار بوو.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە "ڕەحمان ڕەسووڵی ئازەر" کوڕی خالید خەڵکی گوندی "گوڵاوی" سەر بە شاری پیرانشار ڕاگەیاندراوە و ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگا کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کاری پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە هەڵنەگیراوەکان، زۆرجار گیانی کۆڵبەران دەستێنێت.