کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدیی کۆڵبەران لە کوردستان درێژەی هەیە

13:01 - 9 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا" بڵاوی کردووەتەوە کە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەلیم خەلیلی" دانیشتووی ناوچەی "دەشتەبێڵ" سەر بە شاری شنۆ، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ئەوە کۆڵبەرە کورد لە دەورووبەری شاری نەڵۆس سەر بە شارستانی شنۆ تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تەورێز کراوە.

 لەو پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی “ڕێبوار مورادی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "کانی ڕەش"( کوژراو )، سیروان مورادی برای ڕێبوار بریندار و " خەلیل فەڕۆخی" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی"دڕوو"(بریندار) لە بەرزارییەکانی شاخی "کێلەشین و سپیڕێز" بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی پێکران.

خەلیل فەڕۆخی، کاسبکاری کورد بە هۆی بەرکەوتنی گولـله لە شانی بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی "ئیمرجێنسی" شاری هەولێر نەشتەرگەری بۆ کراوە.