کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی رێژیم لە راپەرین

11:57 - 15 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دوابەدوای هاتنەدەری تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام بە بڕیاری دانڵد ترامپ و کشانەوەی بەشێکی بەرچاو لە بانک و کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکان بەهۆی ئەگەری تەحریمە نێونەتەوەییەکان لە ئێران، ترس سەراپای ڕێژیمی تارانی داگرتووە.

لە نوێترین لێدوانە پڕ لە ترسەکانی سەرانی رێژیم لەهەمبەر داهاتووی ڕێژیم پاش بەرجام، عەلی خامنەیی لە ٢٩هەمین ساڵیادی مردنی دیکتاتۆری بەناوبانگ، بڕیاری بە دەزگای وزەی ناوکی دا کە بەپەلە کارئاسانییەکان بۆ بردنەسەری ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەڕێژەی ١٩٠ هەزار سوو (SWU) جێبەجێ بکات.

ناوبراو هەروەها باسی لە پرسی سازکردنی مووشەک و بەردەوامی بەرنامەی مووشەکی ڕێژیم کرد و ڕایگەیاند: دوژمنانمان بەتەمای ئەوەن کە بە گوشاری ئابووری، دەروونی و کردەیی ئێمە بەچۆکدا بێنن؛ مووشەک بۆ ئێمە مایەی ئەمنیەت و خاڵی بەهێزییە و سەروەریمان لە ناوچەدا مسۆگەر دەکات! هەر لەم ئاخاوتنەدا خامنەیی هاوشێوەی سەرکۆمارە دەسنیشان کراوەکەی باسی لەوە کرد کە ئامریکا دەیهەوێ خەڵک بە گژ رێژیمدا بکاتەوە.

قسەکانی خامنەیی کە چەشنێک لە ترس و هەڕەشەی پێوە دیار بوو لە کاتێکدا بوون کە پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام چەندین کۆمپانیا و بانکی زەبەلاحی جیهانی بەهۆی ئەگەری گەمارۆی ئامریکا لە ئێران کشاونەتەوە یان ڕایانگەیاندووە کە لە داهاتوودا دەکشێنەوە.

ناوی بەشێک لەم کۆمپانیا و بانکانە بریتییە لە: تۆتاڵی فەرانسه، شیرکەتی ئاوەدانی و بیناسازیی کۆرەی باشوور، شیرکەتی جێنراڵ ئێلکتریک، شیرکەتی ئامریکایی نایک، بانکی " DZ"ی ئاڵمان، شیرکەتی" پی.جی.نیگ "ی لەهستان، شیرکەتی پۆڵاسازی ئیتالیا و کەشتیڕانی دانمارک، شیرکەتی ئەیرباس، شیرکەتی نەوتی ئێنی ئیتالیا، سریکا ئێنێرژی بریتانیا، بویینگی ئامریکا، سیتروئینی فەڕانسە، زیمێنسی ئاڵمان وکۆمپانیای لۆک ئۆیل.

ئەم بارودۆخە هاوکات لەگەڵ چەسپاندنی خولێکی نوێ لە گەمارۆکان بەدژی کەسایەتی و دامەزراوەکانی سەر بە ڕێژیم لەلایەن ئامریکاوە کە بریتین لە: ''عەبدولعەلی عەسگەری سەرۆکی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، حوسێن ئەڵڵاکەرەم سەرۆکی شۆرای هاوئاهەنگیی ئەنساری حیزبوڵڵا، عەبدولحوسێن فیرووزئابادی، عەبدولسەمەد خوڕەمئابادی جێگری دۆزگەری گشتیی ڕێژیمی ئێران، عەبدولحەمید مۆحتشەم سەرۆکی گشتیی ئەنساری حیزبوڵڵا و بەڕێوەبەری بلاڤۆکی "یالثارات الحسین" و هەروەها حەمید ئۆستاد بەرپرسی ئەنساری حیزبوڵڵای مەشهەد"، گرووپی حیزبوڵڵا و گرووپی بەرنامەنووسیی هانیستا و وەلیۆڵا سەیف"، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ڕێژیم''، کاریگەری بەرچاوی لەسەر کەشی دەروونی کۆمەڵگای ئێران داناوە بەچەشنێک کە وەک چالاکانی سیاسی و چاودێرانی نێوخۆ باسی لێوە دەکەن بازرگانە نێوخۆییەکان بەرەبەرە سەرمایەکانیان لە بازاڕ کشاندۆتەوە و شەپۆلێکی بەرین لە گرانی و مایەپووچ بوونی کارگە و کارخانە وەبەرهێنەرەکان هاتۆتە ئاراوە کە لە ئەنجامدا ئاستی بێکاری زیادی کردووە کە کۆی ئەم ڕووداوانە باری دەروونی کۆمەڵگای ئاڵۆز و گرژتر کردووەتەوە.