کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تریاکی ڕەوانەکراو بۆ هەرێمی کوردستان دەستی بەسەردا گیرا

11:35 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە سنووری حاجی عومەران، سێ کەس بە تاوانی هێنانەژوورەوەی باری ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی "تریاک" و "کریستاڵ" بۆ هەرێمی کوردستان، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له سنووری حاجی عومەران، بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی حاجی عومەران، ٨ کیلۆ کریستاڵ و ٥٠ کیلۆ تریاکیان گرت.

ئەو تریاکە لە باری گوێزدا شاردرابووەوە.

پۆلیسی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسەی ویستوویانە باری ماددەی سڕکەر هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، ئێرانی بوونه.

شوناسی ئەو سێ تاوانبارە "(س. ق.ی)، (ش. ی. ی) و (ی. ح. د)" ڕاگەیەندراوە و ڕەوانەی دادگا کراون.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی عێراق دەستیان بەسەر باری پیازی کامیۆنێکدا گرت کە لە گومرۆکەکانی نێوان ئێران و عێراق، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەوانەی عێراق دەکرا و لە ئەنجامی پشکنینی ئەو بارەدا دەرکەوت کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ باری پیازدا تریاکی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە.

لە گومرۆکەکانی کوردستان و عێراقدا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەردەوام دەست بەسەر ماددەی سڕکەردا دەگرن کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەناردە دەکرێت.